لە فڕۆکەوە تا "ژوورە قەڵغانبەندەکان".. تێچووی سەردانەکەی ترهمپ بۆ چین چەندە؟
وێستگهنیوز -
تێچووی سەردانەکەی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین، ڕەنگە بەربەستی 30 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لە گرانبەهاترین سەردانە سیاسییەکان لە جیهاندا.
لە بەراوردێکی سادەدا، ڕاپۆرتێکی نووسینگەی لێپرسینەوەی حکومی ئەمریکا، لە ساڵی 1999، باس لهوه دهكات سەردانەکەی بیل کلینتۆن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین، لە ساڵی 1998، تێچووەکەی نزیکەی 18.8 ملیۆن دۆلاری ئەو کاتە بووە.
ئەم ژمارەیە، دوای هەژمارکردنی هەڵاوسان، ئەمڕۆ یەکسانە بە زیاتر لە 35 ملیۆن دۆلار. بەڵام لە پشت وێنەکانی فەرشی سوور و لووتکە دیپلۆماسییەکانەوە، سیستمێکی زەبەلاح دەجووڵێت کە تەنها لە چەند ڕۆژێکی کەمدا ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات.
فڕۆکەیەکی سەرۆکایەتی بە تێچوویەکی خەیاڵی
بەشی هەرە گەورەی تێچووەکە، لە ئاسمانەوە دەست پێدەکات، فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا (Air Force One) بە یەکێک لە گرانترین فڕۆکە کارپێکراوەکان لە جیهاندا دادەنرێت، بەپێی داتاکانی سوپای ئەمریکا و ڕاپۆرتە تایبەتەکان، تێچووی کارپێکردنی بۆ هەر کاتژمێرێک، نزیکەی 200 هەزار دۆلارە.
بە گەشتێکی چوون و گهڕانهوهی فڕۆكهكه، له نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریكا و چین كه زیاد له 30 كاتژمێر دهخایهنێت، تەنها تێچووی گەشتە ئاسمانییەکە دەگاتە نزیکەی 6 ملیۆن دۆلار.
بەڵام فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە ئاسماندا بە تەنیا نییە؛ سەردانە گەورەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەزۆری لەگەڵ فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی، فڕۆکەی یەدەگ، فڕۆکەی سووتەمەنی بۆ پڕکردنەوە لە ئاسمان و سیستمە ئەمنییەكان، یاوەری فڕۆكهی سهرۆكایهتییهكه دەبن، ئەمەش تێچووی کارپێکردنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
"شارێکی گەڕۆک" لە پشتی سەرۆکەوە
لە ڕاستیدا لە پشت سهرۆكی ئهمریكاوه، شارێکی تەواو دەجووڵێت؛ سەدان کارمەندی ئەمنی، خزمەتگوزاری نهێنی، تیمەکانی پەیوەندی، پزیشک، شارەزایانی تەکنیکی، ڕۆژنامەنووسان و فەرمانبەرانی کارگێڕی، لەگەڵ کاروانەکان و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان و سیستمە لۆجستییە ئاڵۆزەکان.
کاتێک پێویست بە گفتوگۆی هەستیار دەکات، وەفدەکە پەنا دەبەنە بەر ژوورە پارێزراوە قەڵغانبەندەکان کە بۆ ڕێگری لە گوێگرتن و چاودێری ئەلیکترۆنی دیزاین کراون.
ئەم شوێنانە، دەکرێت لە ناو هۆتێلەکان بن، یان لهناو ئەو شوێنانەی لهژێر کۆنترۆڵن و لە کاتی سەردانە دیپلۆماسییە گەورەکاندا، دروست دهکرێن. لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە سیخوڕی دیجیتاڵی چین، خەرجییە ئەمنییەکان زیاتر بەرز دەبنەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکیانەی یاوەری ترهمپ دەکەن، بەزۆری مۆبایلە تایبەتەکانی خۆیان، لە ناو چیندا بەکارناهێنن، بەڵکو زۆریان پشت بە ئامێری کاتی و کەرەستەی شەحنکردنەوەی پێشوەختە پەسەندکراو دەبەستن، لە ترسی نهبادا، لە ڕێگەی دەرچەکانی USB یان تۆڕە ناوخۆییەکانەوەی چینهوه، هاكبكرێن.
پارادۆکسێکی ئابووری
بەڵام پارادۆکسە سەرنجڕاکێشەکە، ئەوەیە بەشێکی زۆری ئەم پارانە، لە ناو خودی چیندا خەرج دەکرێن. هۆتێلەکان، خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان، هاتووچۆ، ئامادەکارییە ناوخۆییەکان و پاراستنی مەیدانی، هەموو ئەمانە لە ماوەی ڕۆژانی سەردانەکەدا، ملیۆنان دۆلار دەخەنە ناو ئابووری چینەوە.
لە دیمەنێکدا کە ڕەهەندێکی سیمبولی لهخۆگرتووه، وا دەردەکەوێت خودی سەردانەکەی ترهمپ، لە ڕووی ئابوورییەوە، بەستراوەتەوە بە چینەوە، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا، یەکێک بووە لە دیارترین ئەو کەسانەی ڕێبەرایەتی جەنگی بازرگانی و باجە گومرگییەکانی دژی پەکین کردووە.
PM:10:57:14/05/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت