شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە


وێستگەنیوز-

بەبۆنەى دەرچوونی بڕیارى دادگای تاوانەکانی عیراق بۆ لەسێدارەدانی عەجاج، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەنوسێت، "مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە ".

لە پەیامەکەدا هاتووە، "پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەری کوردستان ئەکەم، بەتایبەت لە کەسوکاری دڵ برینداری ئەنفالکراون و هەموو ئەو شاهیدحاڵانەی زیندانی نوگرە سەلمان کە لەم کەیسەدا ئامادە بوون و شاهیدییان دا".

دەقی پەیامەکە:

خوشک و برایانم، کەس و کاری سەربەرزی ئەنفالکراوان

مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە و ئەمڕۆ لە مێژووی نەتەوەکەماندا رۆژێکی مەزنە.

دوای دەرچوونی بڕیار بۆ لە سێدارەدانی سەدامی تاوانبار و عەلی کیمیایی و سەرە تاوانکارەکانی بەعس،ئەمڕۆ بڕیاری لە سێدارەدان بۆ یەکێکیتر لە دڵڕەقترین جەللادەکانی دژ بە کورد و تینوو بە خوێنی گەلە بێتاوانەکەمان لە کاتی پڕۆسەی ئەنفالدا دەرچوو.

بڕیاری لە سێدارەدان بۆ عەجاجی تاوانبار بە کوشتن و زیندە بەچاڵکردنی سەدان ژن و پیاو و منداڵی بێتاوانی کوردستان لە زیندانە دورەدەستەکەی نوگرەسەلمان دەرچوو.

عەجاج وەک تاوانکارێکی هەڵاتوو، چەندین ساڵ خۆی شاردەوە و بە ترسنۆکی لە سوچ و پەنایا ژیا، پێی وانەبوو هەرگیز دەستی دادپەروەری ئەیگاتێ و بەرۆکی ئەگرێ و باجی تاوانە قێزەونەکانی پێئەدات.

سوپاس بۆ خوا بەر لەوەی ئومێدی ئێمە و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان بە دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە گەورەیە کاڵ بێتەوە، لە پڕۆسەیەکی وورد و جوامێرانەدا دەستگیرکرا و خرایە بەردەم دادگا.

لەدوای دەستگیرکردنی، چاودێری تەواوی پرۆسەی وەرگرتن و کۆکردنەوەی سکاڵاکان و گەیاندنیان بە دادگام کرد و دواتریش لە پرۆسەی دادگایکردنەکەیدا سەرجەم لایەنەکانم ڕاسپارد کە ئامادەکاری تەواو بۆ بەڕێوەچوونی دادگایی کردنەکە بکەن تا بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت.

پاش لێکۆڵینەوەی ورد و داننانی بە هەموو ئەو تاوانانەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا ئەنجامی داون، دوای ئەوەی داگای بەڕێز گوێی لە سکاڵای شاهیدحاڵەکان گرت و هەموو بەڵگەکان لە دژی خرانەڕوو، سەرەنجام تاوانبارکرا و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.

پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەری کوردستان ئەکەم، بەتایبەت لە کەسوکاری دڵ برینداری ئەنفالکراون و هەموو ئەو شاهیدحاڵانەی زیندانی نوگرە سەلمان کە لەم کەیسەدا ئامادە بوون و شاهیدییان دا. پیرۆزبایی لە تێکڕای ئەو تیمە لەخۆبردووە ئەکەم کە هەر لە دەستگیرکردنەکەیەوە تا کۆتایی هەموو پرۆسە ئیداری و یاساییەکە لەگەڵ ئێمە و کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراواندا بوون. ئەزانم چەند ماندوو بوون بۆیە دەستی ماندوونەبوونییان ئەگوشم و لە دڵەوە سوپاسیان ئەکەم.

سوپاس بۆ دادگای بەڕێز کە بە بێ کەمتەرخەمی و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کەیسی ئەم تاونبارەی بە ئەنجام گەیاند و بڕیاری شایستەی بۆ عەجاجی تاوانبار دەرکرد.

بینیمان دوژمنەکانمان لە کاتی دەسەڵاتیاندا چەندە دڵڕەق و بێبەزەیی بوون، ئەشبینین ئەو کاتەی چەرخی رۆژگار لە دژیان ئەسوڕێ و لەبەردەم دادگا خۆیان ئەبیننەوە، چەندە زەبون و تێکشکاو و رووخاون. ئەمەش وانەیەکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کە هێشتا ئەیانەوێ گەلی ئاشتیخواز و بێدیفاعی ئێمە ئازار بدەن.

جارێکیتر و هەزار جاری تر پیرۆزبایی لە خۆم و لە ئێوە و هەموو کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان و خاکی پیرۆزی کوردستان ئەکەم .

سوپاس بۆ خوا... سوپاس بۆ دادپەروەری

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد


PM:03:44:14/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت