دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا


وێستگەنیوز-

بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار لە دادگای 2ی تاوانەکانی سلێمانی دادگایی بکرێن، بەڵام دادگاییکردنەکە دواخرا.

عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز لە دادگای سلێمانییەوە رایگەیاند، "پرۆسەی دادگایی کردنەکە بڕیار بوو کاتژمێر 10:00ـی بەیانی دەستپێبکات و هەر یەک لە کونسوڵی بەریتانیا و کونسوڵی هۆڵەندا لە دانیشتنەکەی دادگادا بەشداربوون".

وتیشی، "دانیشتنەکەی ئەمڕۆ تایبەت کرابوو بە وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران بە شێوەیەکی فەرمی لەبەردەم دادوەردا. تۆمەتبارانی ئەم کەیسە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراون. بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگا دادگاییکردنەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست".

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 07ـی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکەش بۆ 14ی ئەم مانگە واتە ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخرا.

پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی مادەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە مادەی 406."


 


AM:11:20:14/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 1740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت