قوباد تاڵەبانی: ئەگەر وڵاتانی دیکە دەستوەردان نەکەن ئەمریکا و ئێران رێکدەکەون


وێستگەنیوز-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسی دیاری بەریتانی پێر مۆرگن رایگەیاند، "لەناو ئامانجە راستەوخۆکانی هەردوو وڵاتدا دەرفەتی رێککەوتن هەیە".


ئاماژەی بەوەکرد، "ئێران لەسەر پێی خۆی وەستاوە و بەرگەی لێدانی دوو لە بەهێزترین سوپاکانی جیهانی گرتووە، هەروەها ئێران ئێستا نەتەوەیەکی یەکگرتووە و خەڵک لە پشت حکومەتەکەیان وەستاون، چونکە لەکاتی ئەم شەڕەدا و لە دوای شەڕەکەش خەڵک لە ئێران رانەپەڕی".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر وڵاتانی دیکە دەستوەردان نەکەن ئەمریکا و ئێران رێکدەکەون، چونکە من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە سەرۆک ترەمپ رێککەوتنی دەوێت، هەروەها ئێران لە شەڕ و گەمارۆکان ماندوو بووە و رێککەوتنی دەوێت".

قوباد تاڵەبانی لەبارەی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە "سۆشیال تروس" وتی، "کاتێک ترەمپ چاوپێکەوتنەکەمی پۆستکرد هەستم بە سەرسوڕمان و شانازی کرد".

هەروەها لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمییەوە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەر لە دۆسییەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی سەیری رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بکەین ئەوا چاوەڕێی رێککەوتن ناکەم".

وتیشی، "ئەو کەسانەی بەناوی ئێرانەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان دەکەن".

قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەشکردەوە، "جیهان پێویستی بەوەیە گەرووی هورمز بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئابووریی جیهانی باشتر ببێت".


AM:10:13:12/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو