لەدوای هەواڵی بنکەی نهێنی ئیسرائیل، حەشدی شەعبی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی راگەیاند


وێستگەنیوز-

دەستەی حەشدی شەعبی، دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی لە بیابانی نەجەف و کەربەلا لە ناوەڕاستی عێراق ڕاگەیاند. ئامانجی ئەم ئۆپراسیۆنە پاراستنی ناوچە بیابانییەکانە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە بیابانەکانی عێراق.

لەمبارەیەوە سەجاد ئەسەدی، سەرۆکی ئەرکانی ئۆپراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە حەشدی شەعبی، ڕۆژی سێشەممە 12ی ئایار ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی "فاج"ەوە بەرەو قووڵایی بیابانی نەجەف لە چەند تەوەرێکی جیاوازەوە دەستیان بە پێشڕەوی کردووە.

ئەم ئۆپراسیۆنە پشکنینێکی ئەمنی بە درێژایی 120 کیلۆمەتر دەگرێتەوە و تیمەکانی تەقەمەنی، هەواڵگری و بەشە لۆجستییەکان تێیدا بەشدارن.

عەلی حەمدانی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپراسیۆنی «سەپاندنی سەروەری» لە چوار تەوەرەوە دەستی پێکردووە بۆ پاراستنی ڕێگەی نێوان کەربەلا و ناوچەی نوخەیب.

ئەم ئۆپراسیۆنە لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە، شاکر ئەبو تراب تەمیمی، پەرلەمانتاری کوتلەی بەدر، جەختی کردەوە کە سەربازگەیەکی «ئەمریکی - ئیسرائیلی» هێشتا لە ڕۆژئاوای عێراق بوونی هەیە و ڕێگە بە هێزە عێراقییەکان نادرێت لێی نزیک ببنەوە.

هاوکات فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند کە لە پشکنینەکانیاندا هیچ هێز یان کەرەستەیەکی سەربازیی لەو ناوچانەدا نەدۆزراوەتەوە. ئەم پشکنینانە دوای ڕووداوێکی 5ی ئاداری 2026 هاتن کە تێیدا پێکدادان لەگەڵ گروپێکی نەناسراو ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی ئەمنی و برینداربوونی دووانی دیکە.

لەلایەکی ترەوە هەندێک میدیای ئیسرائیلی وەک "جی فید" و "جیروزالەم پۆست" باسیان لە بوونی بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناوخۆی عێراق کردووە و باسی ئەوە دەکەن کە ئەمریکا ڕێگری لە لێکۆڵینەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەو شوێنە کردووە.


AM:09:24:12/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو