فه‌همی بورهان: كارنامه‌كه‌ی زه‌یدی هیچ روبه‌رێكی بۆ كێشه‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تێدا نییه‌


وێستگەنیوز-

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ره‌خنه‌ له‌ كارنامه‌كه‌ی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو ده‌گرێت و ده‌ڵێت، كارنامه‌كه‌ی زه‌یدی كه‌ له‌ 14 به‌ش پێكهاتوه‌ هیچ ڕوبەرێکی بۆ کێشە دەستورییه‌کانی خەڵکی کوردستان تێدا نییە
.

فه‌رهمی بورهان، ، له‌ په‌یامێكدا رایدەگەیەنێت، "کارنامەی چوارساڵی داهاتوی جەنابی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو عەلی زەیدی کە لە 14 بەش پێکهاتوە، هیچ ڕوبەرێکی بۆ کێشە دەستورییه‌کانی خەڵکی کوردستان تێدا نییە.راستە ڕیزی کوردی یەک و یەکگرتو نییە، پێشمان وایە هەر ئەمە هۆکاری بنچینەیی بوە تا مادەی 140ی دەستورو ماف و داوا ڕەواکانمان نادیدەبکرێت".

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت هێزو لایەنە سیاسییه‌کانی کوردستان بە کاندیدکردنی عەلی زەیدی، نەک نیگەرانیان نەبو، بەپێچەوانەوە نامەی پشتیوانی و پیرۆزباییان پێش پێکهاتەکانی تر پێگەیاند.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، پێویستە هەمو هێزە سیاسییه‌کانی کوردستان درک بەو ڕاستییە بکەن ئەم کارنامەیە نەخشەڕێگای چوار ساڵی داهاتوەو وەرەقەی مامەڵەکردنی حکومەتی نوێیە لەگەڵ سەرکردایەتی کوردو حکومەتی هەرێمدا.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وتوشیه‌تی، ڕاست وایە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و پرسی خاک و دەسکەوتەکانی گەلەکەمان یەکمان بخات، ئەو مەسجەش بەهاوبەشی بە بەغدا بگەیەنین، سەرباری پشتیوانیمان بۆ سەرخستنی کابینەکەی عه‌لی زەیدی لە چوارچێوەی دەستوردا، لەگەڵیشیدا لە ئاست مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەتایبەتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کەمتر لەوەی لە مادەی 140ی فەرامۆشکراودا هاتوە ڕازی نابین.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، ئەرکی پەرلەمانتارانیشمان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئەم کارنامەیە دێتە ناو پەڕلەمان، پێویستە لە چوارچێوەی دەستوری بڕیارلێدراودا پارێزگاری لە ماف و دەسکەوتەکانمان بکەن.


AM:11:25:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت