رێباز حەملان: پارتی ئیسپاتی کردووە پرنسیپ و ئیرادەی گەلەکەمان گرنگە نەک پۆست


وێستگەنیوز-

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "مەسعود بارزانی، لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا بە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی سەلماندویەتی کە رابەر و مەرجەعی گەلی کوردە، بە پرنسیپی حزب وەسیلەیە بۆ خزمەتکردنی نەتەوەو نیشتمان، نەک ئامانج کاری کردووە".


ئاماژەی بەوەکرد، "لە هەفتەی داهاتوودا بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت کابینەکەی عەلی زەیدی لە پەرلەمان سوێند بخۆن ، زۆر گرنگە لە هەرێمیش کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت و ئامادەسازی بکرێت بۆ رێکەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو حکومەت".

رێباز حەملان وتی، "پێویستە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی، رێز لە پرنسیپی دیموکراسی بگرن و دەنگی میللەت ببێتە پێوەر بۆ پێکهێنانی کابینەکە، پارتی ئیسپاتی کردووە پرنسیپ و ئیرادەی گەلەکەمان گرنگە نەک پۆست".

وتیشی، "مەسعود بارزانی و پارتی، لە پێناو گەلی کوردستان هەمیشە ئامادەییان نواندووە بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هەرلایەک هەوڵ بدات لە پشتەوە و بە پشتیوانی نەیاران بیەوێ خۆی بەسەر ئیرادەی گەلی کوردستاندا بسەپێنێت، سەری دەیدا لە چیای سەفین".

دەقی پەیامەکەی رێباز حەملان:

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا بە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی سەلماندویەتی کە رابەر و مەرجەعی گەلی کوردە، بە پرنسیپی: «حیزب وەسیلەیە بۆ خزمەتکردنی نەتەوەو نیشتمان، نەک ئامانج»، کاری کردووە .

تەنها چوار لە هەڵوێستەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی لە چوار قۆناغی جیاوازدا باس دەکەم:

• ساڵی ٢٠٠٩ لە دوکان، لەسەر داواکاری و لەبەر حورمەتی رەحمەتی جەنابی مام جەلال، بۆ یارمەتیدانی یەکێتی پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان درا بە بەرێز دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح و کابینەی شەشەم پێکهات، لە کاتێکدا ئەو پۆستە بەرکەوتەی پارتی بوو.

• ساڵی ٢٠١٠ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەمریکییەکان و هەندێک وڵاتانی دیکە نەیاندەویست رەحمەتی جەنابی مام جەلال ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار بۆ خولی دووەم، وە دەیانویست پۆستی سەرۆک کۆمار بدرێتە سوونەکان، سەرۆک بارزانی بە هەڵوێست وەرگرتن و بەوپەری ئیرادەوە پێداگیری کرد کە دەبێت ئەو پۆستە هەر بۆ کورد بێت وە لەناو کوردیش تاکە پاڵێوراو رەوانشاد جەنابی مام جەلال بێت.

⁠• ⁠ساڵی ٢٠١٤، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها ٩ کورسی بەدەست هێنا، لەسەر داواکاری و حورمەتی رەحمەتی کاک نەوشیروان مستەفا، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا بە بەرێز ئارام شێخ محەمەد، کە ئەو پۆستەش بەرکەوتەی پارتی بوو.

• لە ٢٠٢٦/٥/٧، جەنابی سەرۆک بارزانی پێشنیاری کردووە پۆستێکی وەزیری کورد لە بەغدا بدرێتە نووسەر و سیاسەتڤان کاک سەردار عەبدولڵا، کە لە ئێستادا کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و چەندان هەڵوێستی نەتەوەیی، سیاسی و کوردانەی نیشانداوە، بەهەمان شێوە لەئەگەری وەرگرتنی ئەو پۆستە هەر لەسەر پشکی ئەو وەزارەتانە دەبێت کە بەرکەوتەی پارتیین.

- لە هەفتەی داهاتوودا بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت کابینەکەی بەرێز عەلی زەیدی لە پەرلەمان سوێند بخۆن ، زۆر گرنگە لە هەرێمیش کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت و ئامادەسازی بکرێت بۆ رێکەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو حکومەت لەسەر بنەمای دەستورو بودجەی نوێ، بەپێچەوانەوە ئاڵەنگاری گەورە دێتە پێش هەرێمی کوردستان و ئەو لایەنە بەرپرسیار دەبێت کە بۆتە لەمپەر لە پێک نەهاتنی کابینەی نوێ.

پێویستە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی، ڕێز لە پرنسیپی دیموکراسی بگرن و دەنگی میللەت ببێتە پێوەر بۆ پێکهێنانی کابینەکە، پارتی ئیسپاتی کردووە پرنسیپ و ئیرادەی گەلەکەمان گرنگە نەک پۆست.

جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی، لە پێناو گەلی کوردستان هەمیشە ئامادەییان نواندووە بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هەرلایەک هەوڵ بدات لە پشتەوە و بە پشتیوانی نەیاران بیەوێ خۆی بەسەر ئیرادەی گەلی کوردستاندا بسەپێنێت، سەری دەیدا لە چیای سەفین.


PM:08:44:08/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو