بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە سنووری کەلاری هەژاند
وێستگەنیوز-
بە پێی هەواڵی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، درەنگانی شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە لە سنووری کەلار روویداوە و لە چەند ناوچەیەک هەستی
پێکراوە.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی
ئایاری 2026 راگەیاند، "بوومەلەرزەکە کاژێر 11:53 خولەکی شەوی رابردوو لە
سنووری کەلار لە پارێزگای سلێمانی روویداوە و چەقی بوومەلەرزەکە 15 کیلۆمەتر لە
باکووری شاری کەلار دوور بووە و گوڕەکەی 4.8 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ناوەندی بوومەلەرزەزانی دامەزراوەی
زانکۆی تاران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی
5 پلەی رێختەر ناوەندی کرماشان و شارەکانی گەیلانغەرب تا سەرپێلی زەهاوی هەژاندووە،
بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
یەکشەممە، 3ی ئایاری 2026، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی
عێراق راپۆرتی مانگی نیسانی تایبەت بە بوومەلەرزەی لە عێراق و باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو مانگەدا 36 بوومەلەرزە تۆمارکراون
کە 16یان سەرچاوەکەیان لە باشووری کوردستان و عێراق بووە و 20ەکەى دیکەیان سەرچاوەکەیان
وڵاتانی دراوسێ بووە و لە عێراق و باشووری کوردستان هەستیان پێکراوە.
پارێزگای سلێمانی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە هەشت
دانە بوون. نەینەوا لە پلەی دووەم هاتووە کە سێ بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە لە
قەزاکانی تەلەعفەر، شێخان و شاری موسڵ بوون. لە هەریەک لە دهۆک و هەولێر دوو بوومەلەرزە
تۆمارکراوە؛ لە قەزای خانەقینیش لە پارێزگای دیالە یەک بوومەلەرزە تۆمارکراوە.
زۆرینەی ئەو بوومەلەرزانەی کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی عێراق
بووە، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە 10 بوومەلەرزە بوون.
AM:08:59:06/05/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت