بە نهێنی دامەزراندنی 23 پەرستار ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە


وێستگەنیوز-

هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، سەبارەت "جیاوازی ناوجەگەرایەتی" و دامەزراندنی 23 پەرستار لە دهۆک "بە فەرمانێکی نهێنی" کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئایار 2026، هاوژین عوسمان رایگەیاند، "لەکاتێکدا هەموو ناوچەکان کێشەی کەمیی کارمەندی تەندروستیان هەیە، ئەوەش ئێمەی نیگەرانکردووە کە جیاوازی ناوچەگەرایەتی لە دامەزراندن دەکرێت، هەروەها دەرچووی زانکۆی ناحکومی دامەزراوە. ئەوەش ناڕەواییە بەرامبەر بە دەرچووانی حکومی کە منداڵی هەژاری تێدایە، ئەوەی ڕوویداوە قۆرغکارییە لەناو حکومەت کراوە، ئەو دامەزراندنە بەدزی دادەنێن کە لە خەڵکی کراوە".

وتیشی؛ "داوا لە وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، کە ڕونکردنەوە بدەن لەسەر دامەزراندنی ئەو کەسانەی، کە لە دهۆک دامەزراون، کە ژمارەیان 23 کەسە و دەرچووی ئەم ساڵن لە بەشی پەرستاری زانکۆی ئەمریکی دهۆک".

هاوژین عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد "کەموکورتی زۆر لە نەخۆشخانەکاندا هەیە، کێشەی کەمی پەرستار و کارمەندی تەندروستی هەیە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن کەمی کارمەندی تەندروستی گەشتووەتە 70٪ واتە نەخۆشخانە هەیە بە ڕێژەی 30٪ میلاکی هەیە ئەوەش ڕێژەیەکی کەمە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان".

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی وتیشی "بەش هەیە لە نەخۆشخانەکان یەک مووچەخۆری حکومەتی تێدا نییە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان نەتوانن وەک خۆی خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردوو دامەزراندن بە نهێنی لە پارێزگای دهۆک کراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2014وە لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن وەستاوە.


PM:04:17:05/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت