نێچیرڤان بارزانی: رەنگە ئەمجار نەتوانین سەردانی سەرۆک کۆمار بکەین بەڵام لەداهاتوودا ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت
وێستگەنیوز-
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نێچیرڤان
بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنوسان بۆ
رۆژنامەنوسان لەبەغدا چەندن لێدوانی جیاجیای راگەیاند.
سەرۆکی هەرێمی
کوردستان لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا سەردانی سەرۆک کۆمار دەکەیت؟ وتی رێزمان هەیە
بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو كوردە و لەخۆمانە، رەنگە ئەمجار نەتەوانین سەردانی بكەین
و هیوادارین لەداهاتووشدا ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت.
سەبارەت بە کێشە و
قەیرانەکانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر، نێچیرڤان بارزانی وتی، "دەبێت
وەك كورد چوارچێوەیەك بۆ كاری هاوبەش ساز بكەین و لەم پەیوەندەدا ئێمە لەگەڵ یەكێتی
نیشتمانی لەهەوڵی دامەزراندنی مەجلیسێكی سیاسین و هیوادارین بە خاڵی هاوبەش بگەین".
سەبارەت بە داخستنی
ئۆفیسی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک، وتی، "من وەك سەرۆكی هەرێم زۆر زۆرم
پێناخۆشە و شتێكی دروست نیە كە ئۆفیسەكانی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆك دابخرێن، بەڵام
دەبێت ئاسایش ئەو كێشەیە چارەسەر بكات".
نێچیرڤان بارزانی
جەختی لەوەشکردەوە کە "بەغدا قوڵایی ستراتیژی ئێمەیە و دەبێت كێشەكانمان لە بەغدا
چارەسەر بكەین".
سەرۆکی هەرێمی
کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە شایستە داراییەکان و بژێوی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی بووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و کۆبوونەوەکان
بە گشتی، ئەرێنی و باش بوون.
نێچیرڤان بارزانی
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێدراوی عێراق وتی،
"زەیدی جەختی کردەوە، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی
دیکەی عێراق، وەک مافێکی سەرەتایی خۆیان، لە کاتی دیاریکراودا مووچەکەیان وەربگرن".
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ
محەمەد حەلبوسی، نێچیرڤان بارزانی وتی، "هەردوولامان رێککەوتین، پەڕێکی نوێ
بکەینەوە." ئاماژەی بەوەش دا، "بانگهێشتی حەلبووسیمان بۆ کوردستان کردووە
و ئەو قسەنەی لەملاولاش دەکرێن هیچ بنەمایەکیان نییە و راست نییە".
رۆژی دووشەممە، 04ـی
ئایاری 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و تا ئێستا لەگەڵ
ژمارەیەکی زۆر لە گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبووەتەوە. چاوەڕێ دەکرێت، ئەمڕۆ کۆتایی
بە سەردانە فەرمییەکەی بهێنێت و بگەڕێتەوە هەولێر.
PM:02:59:05/05/2026
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت