سەنتەری میترۆ: ئێمە لە ژینگەیەكدا كار دەكەین، یاسا سەروەر نییە
وێستگەنیوز-
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن
لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین بە بۆنەی ١٦مین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنوس
سەردەشت عوسمان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و دەنوسێت، "ئێمە لە ژینگەیەكدا
كار دەكەین، یاسا سەروەر نییە، یاسای هێز شوێنی بە هێزی یاسا لێژكردوە".
میترۆ دەنوسێت، "مافیاكانی
تاوان ویستیان لە رێی تێرۆری (سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، مامۆستا
عبدالستار، كاوە گرمیانی، وەدات حسێن)، لە رێگەی هەڕەشە و لێدان، و زیندانیكردن
... لە رێگەی هەڵمەتی ناشرین كردنی كەسایەتیی نووسەران و رۆژنامەوانان، بێدەنگ بین
و یەك رەنگ بین........... بەڵام شكستیان
هێنا".
دەقی بەیاننامەکەی
سەنتەری میترۆ:
برینێك لەبیر ناكرێت،
چاك نابێتەوە
تیرۆركردنی سەردەشت
عوسمان، تەنها رۆژنامەنووسێكی بە دونیا نەناساند بەڵكو خێزانێكیشی بە ئێمە ناساند
كە تەسلیم نەبوون و بەردەوامبوون لە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بۆ عەدالەت ، سازشیان نەكرد و لە
بری "تۆڵەكردنەوە"داوای "دادپەروەری"یان كرد.
سەردەشت نەك تەنها بیرەوەرییەكی
بەجێهێشتووە، بەڵكو شێوازێكی ژیانیشی بەجێهێشتووە بۆ یاخیبوون لە نادادپەروەری و ڕەتكردنەوەی
تەسلیمبوون و ڕاستگۆیی لە ڕووبەڕووبوونەوەدا تەنانەت ئەگەر باجەكەی ژیانیشی بێت.
ئەوە فیشەك نییە كە
بتوانێ بیركردنەوەی ئەم جۆرە لە مرۆڤانە بكوژێت، ئەوەتا یادەوەری هەموو رۆژێك زیندووە
و یادی دەكرێتەوە، ..گۆڕ... كۆتایی چیرۆكەكە نەبوو، بەڵكو سەرەتای پرسیاری چیرۆكێكێكی
نوێ بوو ئەو پرسیارەی لەگەڵ هەر سەردانێكی گۆڕەكەیدا سەرهەڵدەداتەوە: "بۆچی تیرۆركرا؟"
، ئەم پرسیارە دەكەین لەبەر ئەوەی برینێكە، وە برینێك لەبیر ناكرێت، چاك نابێتەوە.
ئەمرۆ 16 ساڵ تێدەپەڕێ
بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، هەموو جارێک ئامادەبوونمان و رێكخستنی مەراسیم بۆ یادەوەری گوزراشتن لە پەیامی
سووربونمان لەسەر ئاشكراكردنی بكوژانی ئەو رۆژنامەنووسە لاوە.
ئێمە لە ژینگەیەكدا
كار دەكەین، یاسا سەروەر نییە، یاسای هێز شوێنی بە هێزی یاسا لێژكردوە، لە ژینگەیەكی
وادا هەموو هەنگاوێكی میدیاكاران مەترسییە بۆ سەر ژیانیان، ئازادی ملكەچی میزاجی چەكبەدەستەكانە،
دەیانەوێت ئەوەی ماوە لە میدیا كۆنترۆڵی بكەن و بیكەنە چەكی دەستی دەسەڵاتدار.
دەربازبوون لە سزا و هەڵهاتنی
بكەرانی تاوان لە عەدالەت بێ مافكردنی قوربانیان و خێزانەكانیان لە عەدالەت دژ بە
هەموو پرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤە، ئێمە وا تەماشای كەیسی رۆژنامەنووس
سەردەشت عوسمان دەكەین.
لە هەرێمی كوردستاندا
، هەموو ڕێكارەكانی زەبروزەنگی بەرانبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەكارهێناوە بەئامانجی
كپكردنی دەنگی ئازادو جیاواز، بەشێوەیەكی نایاسایی نوسینگەی كەناڵەكانیان داخستوە،
فەزای كاری مەدەنیان بەرتەسك کردۆتەوە، دادگاكانیش بە چاوێكی پیشەیی و سەربەخۆ تەماشای
كەیسی رۆژنامەنووس چالاكوان نەكردووە و هەندێ له بریارەكەنیان لە بەرژەوەندی عەدالەت
و بەرزكردنەوەی ناوبانگی دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان نەشكاوەتەوە.
نمونەی زەقی ناو ئەم دیمەنە حوكمدانی شیرَوان شێروانی و
هاوڕێكانی بووە، نازانین رووبكەینە كێ؟ داواكارییەكانمان بۆ كێ بەرین؟ بەڵام لەگەڵ
هاورێكانی ترمان داوای ئازادكردنی شیروانی مانگرتوو و حوكمدرا و قارەمان شوكری دەكەین.
مافیاكانی تاوان ویستیان
لە رێی تێرۆری (سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، مامۆستا عبدالستار، كاوە گرمیانی،
وەدات حسێن)، لە رێگەی هەڕەشە و لێدان، و زیندانیكردن ... لە رێگەی هەڵمەتی ناشرین
كردنی كەسایەتیی نووسەران و رۆژنامەوانان، بێدەنگ بین و یەك رەنگ بین........... بەڵام شكستیان هێنا.
AM:09:49:05/05/2026
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت