خانەوادەی سەردەشت عوسمان: تا دادگاییکردنی فەرماندەرانی تیرۆرەکە لە خەبات بەردەوام دەبین


وێستگەنیوز-

خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە یادی 16 ساڵەی "تیرۆرکردنی"ـدا جەخت دەکەنەوە سەردەشت بوەتە ناسنامەی ئازادیخوازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی، بۆیە تا بەدەستهێنانی دادپەروەری و دادگاییکردنی فەرماندەرانی تیرۆرەکە لە خەبات بەردەوام دەبن.

خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە ڕاگەیەندراوێكدا لە یادی 16 ساڵەی "تیرۆرکردنی"ـدا، ئەو ڕوداوە بە یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی دەسەڵات دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و دادپەروەری لەقەڵەم دەدەن. ئەوان ئاماژە بەوەدەکەن کە سەردەشت لەپێناو مافەکانی خەڵک و دژایەتی گەندەڵکاران، ئامادەنەبو وەک "کۆیلە" بژی و بنوسێت، هەر بۆیە لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا گیانی بەختکرد.

خانەوادەکەی باس لەوە دەکەن کە ئەو خوێندکارە گەنجە لەبەردەم کۆلێژەکەیدا و لە ژێر سێبەری هێزە ئەمنییەکاندا ڕفێندرا، دوای 24 کاتژمێریش تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی دۆزرایەوە. بە بڕوای ئەوان، فیشەکی نێو دەمی سەردەشت پەیامێکی خوێناوی دەسەڵات بو بۆ بێدەنگکردنی هەمو دەنگە ئازادەکان کە لەنێوان بێدەنگی یان گوللەدا یەکێکیان هەڵبژێرن.

ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەکاتەوە کە دۆسیەی سەردەشت تەنها تیرۆری جەستە نەبوە، بەڵکو لە ڕێگەی لیژنە و سیناریۆسازییە "قەرەقۆشییەکانەوە" هەوڵی تیرۆرکردنی کەسایەتیشی دراوە. ئەوان دەڵێن دەسەڵات هەوڵی دا ناسنامەی ڕۆژنامەنوسی لێ بسێنێتەوە و تۆمەتی بۆ داتاشێت تا ڕاستی تیرۆرکردنەکەی بشارێتەوە، بەڵام ئەو سیناریۆیانە تەنانەت لە نێو هۆڵی دادگاکانیشدا شکستیان هێنا.

ئاماژە بەوە دەکات کە 16 ساڵە خانەوادەی قوربانیان بەرامبەر هەڕەشەکان ڕاوەستاون و ڕێگە نادەن "کوردایەتی" ببێتە ڕوپۆش بۆ شاردنەوەی ستەم و گەندەڵی. ئەوان پێیان وایە دەسەڵاتێک نەتوانێت سەلامەتی خەڵک بپارێزێت و دادوەری جێبەجێ بکات، هەمو بانگەشەکانی بۆ شەرعییەت بێبنەمان و دۆسیەی سەردەشت تا سزادانی بکوژانی ڕاستەقینە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی خانەوادەی سەردەشت عوسمان، ئەوان لە 16هەمین ساڵیادیدا دیسان رادەگەیەنین کە دۆسیەی سەردەشت عوسمان دانەخراوە و کراوەیە، بە "سیناریۆی ریسوا" کۆتایی نایەت. بۆیە دیسان پێداگری دەکەین لەسەر:

1. دادگاییکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانەی فەرمانیان داوە، هەروەها ئەوانەی دەیانویست بە هەڕەشە و سیناریۆسازی دۆسیەکە تێیپەڕێنن.

2. سزای یاسایی و مەدەنی بکوژان دەبێت لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا بێت، نەک لەژێر سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبیدا.

دەشڵێن، "دەسەڵاتی کوردی پێیوابو بە تیرۆرکردنی سەردەشت، وشە کۆتایی دێت. بەڵام دوای 16 ساڵ، سەردەشت و قوربانیانی ئازادی ڕادەربرین بون بە ناسنامەی ئازادیخوازی. دادگایی نەکردنی بکوژانی سەردەشت، واتە بەردەوامیی تیرۆر. ڕاوەستانی ئێمەش لەسەر ئەم دۆسیەیە، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان".

سەردەشت عوسمان (1987 - 2010)، ئەو گەنجە 23 ساڵەی خوێندکاری زانکۆ بوو، لە 4ی ئایاری 2010ـدا، لەبەردەم کۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر ڕفێندرا. دوای 24 کاتژمێر، لە 5ی ئایاری 2010 تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی لە موسڵ دۆزرایەوە.


PM:03:12:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت