لە یەکەم ئۆپەراسیۆنی ژێردەریاییەکی ئەتۆمیدا 323 ده‌ریاوانی ئەرژەنتینی کوژران


نووسینی: ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان
سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ نێت
وه‌رگێڕان: وێستگه‌نیوز

بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەدە، "دوورگەکانی فۆکلاند/ Falkland Islands " سەرچاوەی ناکۆکی نێوان چەندین دەوڵەت بوون. لە ماوەی سەدەی هەژدەهەمدا، هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئیسپانیا، لەسەر خاوەندارێتی ئەم دوورگانە کێبڕکێیان دەکرد. بەڵام له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 1767، فەرەنسا بڕیاریدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسپانیا، دەستبەرداری هه‌مو ئه‌و موڵكانه‌ی ببێت كه‌ له‌م دوورگه‌یه‌دا هه‌یبوو.


لە ساڵی 1774دا، دوای لێكتێگه‌شتنی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا و ئیسپانیا، به‌ریتانیا رازیبوو له‌سه‌ر ڕادەستکردنی ئەوەی لەم دوورگانە مابووەوە، بە ئیسپانییەکان. به‌ڵام كاتێك ئه‌رژه‌نتین سه‌ربه‌خۆی خۆی له‌ ئیسپانیا راگه‌یاند، دوورگەکانی فۆکلاندی وەک بەشێک لە خاکەکەی خۆی هەژمار کرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، نێردەیەکی کارگێڕی بۆ ئەوێ ڕه‌وانه ‌كرد.
بەڵام لە ساڵی 1833دا، هێزێکی سەربازی به‌ریتانیا گەیشتە دوورگەکانی فۆكلاند و دەستی بەسەردا گرت، بەمەش دوورگەکانی فۆکلاند بوونە بەشێک لە موڵکەکانی بەریتانیا. لە سەدەی بیستەمدا، دووبارە ناکۆکی لەسەر دوورگەکان سەریهەڵدایەوە. لە ساڵی 1982دا، جەنگ لە نێوان هەردوو دەوڵەتی به‌ریتانیا و ئه‌رژه‌نتین، لەسەر ئەم دوورگانه‌ هەڵگیرسا. ئەو جەنگە کارەساتی کەشتیی "جەنەڕاڵ بێلگرانۆ/ General Belgrano"ی بەخۆیەوە بینی کە تێیدا سەدان کەس بوونە قوربانی.

جەنگی دوورگەکانی فۆکلاند


لە 2ی نیسانی 1982، ئەرژەنتین بۆ وەرگرتنەوەی دوورگەکانی فۆکلاند، لە ژێر چنگی بەریتانییەکان، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ڕاگەیاند. هه‌رچه‌نده‌ به‌ درێژایی ماوه‌ی ململانێكه‌، هیچ یه‌كێك له‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌، به‌ فه‌رمی جه‌نگی له‌ دژی ئه‌وی تریان رانه‌گه‌یاند. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو، ئەرجەنتین هەزاران سەربازی بەرەو دوورگەکانی فۆکلاند نارد و وەک بەشێک لە خاکی خۆی ناساندی.

وەک وەڵامێک بۆ ئەمە، بەریتانیا بۆ دەرکردنی ئەرژەنتینییەکان لە دوورگەکان و سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوورگه‌كان، هێزێکی دەریایی گەورەی بەرەو ناوچەکە ره‌وانه‌ كرد. لە کاتی ئەم جەنگەدا، بەریتانییەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دابەزینی دەریایی، یەکەم پێگە و پردی سه‌ربازییان، لە ناوچەی "سان کارلۆس/San Carlos " دروستكرد. دواتر، شەڕی توند لە نێوان هەردوولا ڕوویدا کە تێیدا هێزەکانی ئەرژەنتین، لە ناوچە بەرزه‌كاندا خۆیان قایم و جێگیر كردبوو.

هەروەها هێزی ئاسمانی ئەرژەنتین هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەشتییەكانی بەریتانا، بەو هیوایه‌ی ناچاریان بكات پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. سەرەڕای سەختی و قورسی شەڕەکان، بەریتانییەکان توانیان بە سستی پێشڕەوی بكه‌ن و توانییان دوای نزیکەی 74 ڕۆژ، دوورگەکانی فۆکلاند بگرنەوە. لەم جەنگەدا نزیکەی 250 بەریتانی کوژران، لە کاتێکدا ئەرژەنتین 649 سەربازی لەدەستدا کە زۆرینه‌یان لە ڕووداوی تێکشکاندنی کەشتیی "جەنەڕاڵ بێلگرانۆ"دا بوون.

تایبەتمەندییەکانی کەشتیی جەنەڕاڵ بێلگرانۆ

ئەم کەشتییە لە بنەڕەتدا موڵکی هێزی دەریایی ئەمریکا بوو، سەرەتا ناوی "فینێکس" بوو، هەروەها لە جەنگی جیهانی دووەمدا، بەشداری لە شەڕەکانی دەریای هێمن کردبوو. دواتر ئەرژەنتین ئەم کەشتییەی بەدەستهێنا و ناوی نا "بێلگرانۆ" بەناوی دامەزرێنەری ئەرژەنتین "مانوێل بێلگرانۆ/Manuel Belgrano "، ئەم کەشتییە لە نێوان ساڵانی 1951 بۆ 1982 لە خزمەتگوزاری هێزی دەریایی ئەرژەنتیندا مابووەوە.

بەپێی دیزاینەکەی، درێژی کەشتییەکە 185.4 مەتر بوو و کێشەکەی بە 9 هه‌زار و 575 تۆن دەخەمڵێندرا، هەروەها بزوێنەری وای بۆ دانرابوو کە خێراییەکەی دەگەیشتە 32.5 گرێ. لە ڕووی پڕچەککردنەوە، جەنەڕاڵ بێلگرانۆ خاوەنی 15 تۆپی عەیار 150 ملم و 8 تۆپی دیکەی عەیار 127 ملم بوو، هەروەها بە تۆپی دژە فڕۆکە تەیار کرابوو.

نوقمبوونی کەشتییەکە

لە 2ی ئایاری 1982، كاتێك کەشتیی جەنەڕاڵ بێلگرانۆ، لە باشووری دوورگەکانی فۆکلاند بوو، بە دوو تۆرپیدۆ پێکرا کە لەلایەن ژێردەریایی ئەتۆمی بەریتانی "کۆنکۆرەر/ "Conqueror ئاراستەی کرابوون. دوای ئه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ به‌و هۆیه‌وه،و زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت، کەشتییە جەنگییە ئەرژەنتینییەکە نوقم بوو و بووە هۆی کوژرانی 323 دەریاوان. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، هێزی دەریایی ئەرژەنتین، لە ترسی روونه‌دانی کارەساتێکی دیكه‌ی هاوشێوە، وردە وردە لە دوورگەکانی فۆکلاند دوورکەوتەوە، بەمەش باڵادەستی دەریایی بۆ بەریتانییەکان مایەوە.

به‌م شێوه‌یه‌، کەشتیی جەنەڕاڵ بێلگرانۆ، بووە یەکەم کەشتی جەنگی لە مێژوودا کە لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەتۆمییەوە نوقم بکرێت، هەروەها ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجگرتنی وەک یەکێک لەو کەمە ئۆپەراسیۆنە دەریاییە جەنگییانە پۆلێن دەکرێت کە دوای جەنگی دووه‌می جیهانی، بووەتە هۆی نوقمبوونی كه‌شتییه‌ دەریاییەکان. لەو کاتەدا، ئەم کردەوەیە ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، چونکە زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کەشتییەکە، لە کاتێکدا کراوەتە ئامانج، لە شوێنێکی دوور لەو ناوچانە بووە کە بەریتانییەکان وەک ناوچەی ئۆپەراسیۆن، دیارییان کردبوو.


PM:01:40:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت