کەشناسی: خۆڵبارین ئەمڕۆ و سبەینێ بەردەوام دەبێت


وێستگەنیوز-

شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین سنووری پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی پێشبینی دەکات ئەم دۆخە ناجێگیرە بەردەوامی هەبێت.

جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمڕۆ دووشەممە و سبەینێ سێشەممە کەشوهەوای ناوچەکە بە ناجێگیری بمێنێتەوە، کە خۆی لە چالاکبوونی با و بەردەوامی خۆڵباریندا دەبینێتەوە.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، لەگەڵ خۆڵبارینەکەدا ئەگەری بارینی تاوەبارانی کورتخایەن و دروستبوونی هەورەبرووسکە لە ناوچە جیاجیاکاندا هەیە.

هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئاشکرای دەکات کە سبەی بەگشتی کەش و هەوا لەزۆربەی ناوچەکان جێگیر ئەبێت تەنها لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەر هەیە لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە چەند تاوێک باران و هەورە بروسکە بەرێژەی جیاواز دروستببێت و لە ئێوارەدا بەتەواوی کۆتایی پێدێت ، پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢ بۆ ٣ پلە نزمدەبنەوە کەش فێنکتر ئەبێت .

ئەو کەشناسە کوردە دەڵێت" لەرۆژی چوارشەمەوە کەشی ناوچەکە بەگشتی جێگیر ئەبێت و ئاسمان زۆربەی کات ساماڵ ئەبێت و کاریگەری ئەو بارستە هەوایەش لەسەر ناوچەکە بەردەوامی ئەبێت تا کۆتای ئەم هەفتەیە رۆژی هەینی لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما لەرۆژدا جێگیر ئەبێت و لەشەواندا زیاتر نزمدەبێتەوە و هەست بەسەرما دەکرێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەکان".



AM:11:07:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت