وەزارەتی ناوخۆ: هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان قەدەغەیە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاگاداری هاوڵاتییان دەکەینەوە، کە لەبەر رۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان بپارێزێت، لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە".


ئاماژە بەوەکراوە، "بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە".

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاوڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.


PM:02:30:03/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت