تورکیا ئەو گەریلانە وەردەگرێتەوە کە چەک دادەنێن


وێستگەنیوز-

دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئاشکرایدەکات کە میکانیزمێکی نوێ بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە دادەنرێت کە چەک دادەنێن.

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئاشکرای دەکات، ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ وەرگرتنەوە و رێکخستنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەستیپێکردووە کە بڕیاریانداوە چەک دابنێن.

وتیشی، میکانیزمەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پێش هەموو هەنگاوێکی یاسایی، دەبێت چەکدانانەکە بە کردەیی پشتڕاست بکرێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تورکیا" کە رۆژی یەکشەممە 3ی ئایار بڵاوکراوەتەوە، ئیبراهیم کاڵن، لە راپۆرتێکدا بۆ سەرکردایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، وردەکارییەکانی پڕۆسەی نوێی چارەسەری و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەریلایانەی دەگەڕێنەوە، خستووەتەڕوو.

لە راپۆرتەکەدا باسی لەوە کردووە کە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی ئەندامانی پەکەکە، چارەنووسی چەکەکانیان و رێکارە یاساییەکان لە کاتی گەڕانەوەدا دیاریکراون.

بەپێی پلانەکە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە تورکیا، بەناو "میکانیزمی دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوە"دا تێدەپەڕێنرێن. ئەم پێکهاتەیە لەلایەن بیرۆکراسییەتی ئەمنییەوە دادەمەزرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندنی هەر کەسێک کە دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی هیچ رێکخستنێکی یاسایی بۆ بکرێت.


پاش راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک دەستپشیخەریی لە 11ی تەموزی 2025 بەکردەوە چەکی بە یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە دانا. تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوخۆی تورکیا راگەیاند. لە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 پەکەکە کشانەوەی لە ناوچەی (زاپ) لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسیی پێکدادان راگەیاند.


PM:01:36:03/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت