رێکخراوی چمک پێویستی هەنووکەیی ریفۆرمی میدیایی دووپات دەکاتەوە
وێستگەنیوز-
ڕێکخراوی چاودێریی میدیای
کوردی (چمک) لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری
بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و خوازیاریی ریفۆرمی میدیایی دەکات.
لەبەیاننامەکەدا
هاتووە، "لە ساڵڕۆژی جیهانیی ئازادیی دەربڕین (03ی ئایاری 2026)دا؛ ڕێکخراوی
چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دەنگی خۆی دەخاتەپاڵ هەوڵ و هەنگاوە نیشتیمانیی و نێودەوڵەتییەکان
بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی وەک بنچینەیەکی
سەرەکیی سیستەمی دیموکراسی".
چمک دەنوسێت، "هەرچەندە
هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆماری فیدراڵیی عێراق-دا؛ خاوەن چوارچێوەیەکی یاسایی
دانپێدانراوە، بەڵام درز و کەلێنێکی دیار لەنێوان دەقی یاسا بەرکارەکان و ئاستی جێبەجێکردنی
کردارییدا هەیە و بە زەقی هەستی پێدەکرێت. داتا بەدەستهاتووەکانی ڕێکخراوی چمک بۆ
ساڵی ڕابردوو؛ بە ڕوونیی نیشانی دەدەن کە ئاستی ڕێگریی و پێشێلکارییەکان دژ بە ڕۆژنامەوانان
بە شێوە و ناوەڕۆکی جیاواز درێژەیان هەیە و هێشتا هەر بەردەوامن. هاوکات ناوەڕۆکی
میدیای کوردیی بەشێوەیەکی سیستەماتیک کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هێز و هاوپەیمانە سیاسیی
و ئابوورییەکان. واتە درزێکی گەورە لەنێوان پەروەردەی ئەکادیمیی و پێداویستییە پیشەییەکانی
بازاڕی کار-دا هەیە و ژینگەی کارکردنی پیشەیی ڕۆژنامەوانان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانییدا
نییە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) گرنگی بە ڕیفۆرمی سیستەماتیکی
میدیایی دەدات و پێشنیازەکانی خۆی لە دوو کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی
لە ساڵانی 2025 و 2021دا بە ڕوون و ڕاشکاوی خستوونەتەڕوو، لەوانە:
1. بۆ دەسەڵاتی
یاسادانان: هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ و بەڵگەدار بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی کەرتی
ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان و هاوچەرخانە هەموارژردنەوەیان کە دیارترینیان
یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەریی و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی
زانیاری-یە. هاوکات درووستکردنی میکانیزمێکی ڕوونی چاودێریی سیستەماتیک بۆ بەرپرسیارێتییە
پیشەییەکانی ڕۆژنامەوانان و ئاسانکاریی کرداریی بۆ باشتر دەستەبەرکردنی مافی دەستکەوتنی
زانیاری.
2. بۆ دەسەڵاتی
ڕاپەڕاندن: ئازادکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دەستبەسەرکراو بەهۆی دەربڕینی بۆچوون
و کاری ڕۆژنامەگەری. هەروەها کۆتاییهێنان بە مامەڵەی نادرووست و نایاسایی دژ بە
ماف و ئازادییە گشتیی و تایبەتەکان لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی تەندروستی و مافە
بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان، بەتایبەت ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ ئازادییەکانی دەربڕین
و ڕۆژنامەگەریی-دا هەیە.
3. بۆ دەسەڵاتی
دادوەریی: مامەڵەکردنی دادپەروەرانەی دۆسییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بەپێی یاسای
تایبەتمەند، نەک یاسای گشتیی یان یاسای سزاکانی عێراق، ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو.
هەروەها دابینکردنی دادبینیی دادوەرانەی پسپۆڕ و پیشەگەر لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمی
چاودێریی سەربەخۆ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە و دادوەران.
4. بۆ دەزگە
و دامەزراوە میدیاییەکان: پابەندبوون بە ستانداردە پیشەییەکانی ناوەڕۆکی میدیایی.
هاوکات پاراستنی سەربەخۆیی کارکردنی پیشەیی بەدوور لە هەر گوشارێکی سیاسیی، ئابووریی،
حزبیی بەرتەسک و گواستنەوە بۆ مۆدێلی خاوەندارێتیی میدیایی تایبەت بە خزمەتگوزاریی
گشتی.
5. بۆ کۆمەڵگەی
مەدەنیی و ڕێکخراوەکانی: بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێریی، لێپرسینەوە و داکۆکیکردن. هەروەها
هاوکاریی ستراتیژیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و پشتگیریی لە دامەزراندنی ئەنجومەنێکی
نیشتیمانیی بەرپرسیاری تایبەتمەند بە ڕێکخستنی پیشەیی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین
و ڕۆژنامەگەری".
ئاماژە بەوەش دەکات، "لەگەڵ
هەموو ئەوانەیشدا؛ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی درێژە بە پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامە
نیشتیمانییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەدات و ئێستا ئامادەکاریی بۆ «سێهەمین کۆڕبەندی
نیشتیمانیی ڕیفۆرمی میدیایی» دەکات کە لە ڕۆژانی 6-7ی تەممووزی 2026 لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.
ئەوەیش بە ئامانجی دانانی نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی ڕیفۆرمی میدیایی کوردستان دەبێت
کە ئەم خولەی کۆڕبەندەکەیش هەر پێنج لایەنی سەرەکیی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی،
میدیا، کۆمەڵگەی مەدەنیی لەگفتوگۆیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەکادیمیی، ڕۆژنامەوان و توێژەرانی
کوردیی و بیانیی کۆدەکاتەوە".
لەکۆتایی
بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەو سۆنگەیەوە و لەم ساڵڕۆژە جیهانییەدا؛ ئیتر کاتی
گواستنەوەی ماف و ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییە لە درووشمی بریقەدارەوە بۆ
کرداری بەرجەستەکراو، چوونکە میدیای نیشتیمانیی پیشەگەر پێویستی بە یاسای جێبەجێکراو،
سیستەمی لێپرسینەوەی کاریگەر و ژینگەی پارێزراوتر لەوەی هەرێمی کوردستان هەیە. لەو
نێوەندەیشدا؛ ئێمەیش وەک ڕێکخراوێکی نیشتیمانیی ناحکوومیی تۆمارکراو پابەندین بە
درێژەدان بە هەماهەنگیی و هاوکاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ بەدەستهێنانی ئەم
ئامانجە نیشتیمانییانە و سێهەمی کۆڕبەندی چمک لە لەندەن وەک هەوڵ و هەنگاوێکی دیکەی
مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە هەنووکەییانە دەبینین. لەساڵیادی ئەم بۆنە
جیهانییەيشدا؛ وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ئازادییخوازان، دووبارە داوای چاکسازیی بەپەلە
و زوو یەکلاییکردنەوەی دۆسییەی بەندکراوانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی
لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەین، چوونکە نە ئەوانەی بۆچوونە جیاوازەکانیان دەردەبڕن
تاوانبارن، نە بەندیخانەیش شوێنی مانەوە و ژیانی سرووشتی ڕۆژنامەوان و ئازادییخوازانە".
AM:10:25:03/05/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت