سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ پەیامنێرەکەی بەردەم ترەمپ: رەفتارێکی ناجۆر و نا شایستەت کرد


وێستگەنیوز-

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەژێر ناونیشانی "سەرسمی پەیامنێرێک" لە پەیامێکدا رایگەیاند، "کە پەیامنێرێک رۆڵی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەو دەزگا ھەواڵگرییەکان ببینێت، نیشانەی ھیچ نییە، بێ مۆراڵی ھەندێک میدیا و میدیاکار و کارەکەرانی ناو میدیا نەبێت".


ئاماژەی بەوەکردووە، "کە پەیامنێرێک شوێن و کات و کاریگەریی و مانای پرسیارەکەی نازانێت، ھەموو رۆڵێک دەبینێت کاری میدیا نەبێت، کە شەقامی کوردستان گلەیی و گازندە لە میدیا و رۆژنامەنووسان دەکات، لەم حاڵەتانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە تەڕو وشکمان پێکەوە دەسووتێین".

سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، "ئەوەی لە رەحیم رەشیدی وەشایەوە لەبەردەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، رەفتارێکی ناجۆر و نا شایستە بوو، کوردانی ھەر چوار پارچەو بە تایبەت باشووری کوردستان و لە باشووریش خەڵکی سلێمانی بێزارو نیگەران کرد، ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەم رەفتارەی رەشیدیی و پۆزش نەھێنانەوەی کەناڵەکەی بۆ خەڵکی سلێمانی، لە خۆڵدانی میدیای نابەرپرس دەخەمڵێنین و بە خەڵکی کوردستان و سلێمانی (پایتەختی رۆشنبیریی) دەڵێین: ئەو رەفتارە لەسەر میدیا ئەژمار مەکەن، چونکە رەنگدانەوەی بچوکیی و خۆبەکەمزانیی کەسانێکە لەبەردەم گەورەیی و خۆڕاگریی و خەبات و شۆڕشەکانی شارێک کە پێی دەڵێن سلێمانی".

دەشڵێت، "ھێشتا ئێوەمانان زۆرتان ماوە، لە قەڵبەزەی گیانفیدایی و (نا) کانی ئەم شارە بگەن، بەناوی ھەموو خەڵکی سلێمانی و ھەموو کوردێکی دڵسۆزی شۆڕش و کوردایەتی، دەڵێین دەریای سلێمانی زۆر لەوە گەورەترە بە دەمی چۆلەکە پیس ببێت".


PM:09:54:02/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت