تەرمی د. فاروق رەفیق لە سلێمانی بەخاک سپێردرا
وێستگەنیوز-
نووسەر و رووناکبیری
کورد د. فاروق رەفیق رۆژی سێشەممە لە ماڵەکەی لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ
چوارشەممە 29ی نیسان لە گۆڕستانی گردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردرا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ
تەرمی د. فاروق رەفیق گەیشتە سلێمانی و لەلایەن ژمارەیەک نوسەران و رۆشنبیران و
هونەرمەندان و رۆژنامەنوسانی سلێمانی پێشوازی لێکرا و دواتر بەئامادەبوونی کەسوکارەکەی و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک لە
گۆڕستانی سەیوان بەخاک سپێردرا.
فاروق رەفیق ناوی تەواوی
فارووق رەفیق حەمە کەریمە، بیرمەند و توێژەرێکی دیاری بواری فەلسەفە و هزری سیاسی
لە ساڵی 1961 شاری سلێمانی لەدایکبووە.
بەشێکی ژیانی لە
تاراوگە و لە وڵاتی کەنەدا بەڕێکردووە، لەوێش سەرنجی ژیان و کارکردنی لەسەر فەلسەفە
بووە و خاوەنی زیاتر لە 20 کتێبە لەبواری فەلسەفە و هزر ، بە نووسین و وەرگێڕان.
هەروەها ئەندامی دامەزرێنەر
و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فکریی "ڕەهەند" بوو، سەرنووسەری ژۆرناڵی مەعریفی
تیۆریی هزریی "ئاوەز" لە شاری هەولێر بوو، کە تاوەکو کاتی کۆچی دوایی ئەو،
6 ژمارەی لێ دەرچووە.
کتێبێکی دیکەی فاروق ڕەفیق
بە ناونیشانی "فەلسەفەی زانست" لە قۆناغی ئامادەکردن بۆ چاپ-دا بوو و
هاوکات کتێبێکی دیکەی ئەو نووسەرە لەژێر ناوی "هونەری ڕاڤەکردن" لە قۆناغی
نووسین و ئامادەکردن بۆ چاپدا بوو.
خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە
لە فەلسەفەدا کە لە یەکێک لە زانکۆکانی کەنەدا بەدەستی هێناوە، ئەو بۆ ماوەیەک لە
کەنەدا ژیاوە و دواتر گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
زیاتر وەک توێژەرێکی بواری فەلسەفەی مۆدێرن، لیبڕالیزم و چەمکە سیاسییەکان
ناسراو بووە، هەروەها کاری میدیایی کردووە و سەرنووسەری گۆڤاری (ئاوەز) بووە، کە گۆڤارێکی
تایبەتە بە فەلسەفە و زانست.
گرنگترین بەرهەمە
چاپکراوەکانی:
- ئاشتکردنەوەی عەقڵ و عیشق:
تایبەت بە پەروەردەی لیبڕاڵ و ئاکاری مەدەنی.
- هونەری فەلسەفە: وانەیەکی
مێتافیزیکیانە.
- پاکس ئەمەریکانا: (سەردەمی
هەیمەنەی ئەمەریکی).
- هونەری عیشق: (2010).
- وێستگەیەک لە گەشتێکی
فەلسەفی: (2011).
رێوڕەسمی بەخاک
سپاردنی تەرمی نووسەر و رووناکبیری کورد، د.فاروق رەفیق لەم لینکەدایە:
PM:02:33:29/04/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت