زانیاریی نوێ لەبارەی ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ بە‌‌غدا و هاتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو.


ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، د.رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمەوە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەم مانگەش حکومەتی عێراق رازی بووە کە حکومەتی هەرێم کەمتر لە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بنێرێت، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم داهاتی نەناردووە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم مانگە وەک کۆتا مانگ حکومەتی عێراق چانس ئەدا بە هەرێم کە داهاتی ناوخۆ کەمتر بنێرێت، بەڵام نازانین لە مانگی داهاتووە چی دەبێت، چونکە حکومەتی نوێ دروستببێت نازانین بەرنامەکەی چی دەبێت".

د. رێبوار کەریم وتی، "دواخستنی ناردنی داهاتی هەرێم بۆ بەغدا شتێکی باش نییە، چونکە سبەی کۆتایی مانگە ئەگەر لە ئەمڕۆ و سبەی داهاتەکە بنێرێت باش دەبێت، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی چوار دابەشبکرێت".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق د.رێبوار کەریم ئاماژەی بەوەدا، "ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش ماوەیەکی باشە تاوەکو بتوانێت حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت".


PM:01:46:29/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 1292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت