عەبدولستار مەجید بۆ وێستگەنیوز: ئێستا له ههرێم یهك ئیدارهیی بوونی نەماوە
وێستگهنیوز – محەمەد فاتیح
ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیەنێت دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی و ململانێ و بەرژەوەندی حزبیی و شەخسیی بەتایبەت پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەکتر زۆر خراپ و ئاڵۆزە .
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەگەر پێشتر بابەتی دوو ئیدارەیی بە نائاشکرا هەبوبێت، ئێستا ئیدارەیەک بوونی نەماوە و هەر یەکەیان لە ناوچەی جێنفوزی خۆیدا حکومەت و ئیدارەیەکە بۆخۆی ".
وتیشی، "ئیفلیجکردنی پەرلەمان و نەبوونی حکومەتێکی شەرعی و قانونیی، دەرەنجامی ئەو ململانێ و ناکۆکییانەی نێوان پارتی و یەکیتییە . ئێمە هەر ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واتە 18 مانگ بەرلە ئێستا، هۆشداریی ئەم دۆخە قەیراناویەمان دابوو و بە ڕاشکاوی وتمان؛ ئەم پەرلەمانە کە دەرەنجامی ساختەکاریی و دیزاینی پێشوەختەیە، نە خۆی سەرپێدەکەوێت نە دەشتوانێت حکومەتێکی شەرعیی خزمەتگوزار دروستبکات و ئەوەتا ئێستا هەمووان ڕاستیی قسە و بۆچۆوونەکانی ئێمە لەسەر ئەرزی واقیع دەبینن ".
سەبارەت بەوەی باشترین چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانەی ڕووی لە هەرێم كردووە چییە، عەبدولستار مەجید دەڵێت، "لە ڕابردوودا قسەی دڵسۆزانەمان زۆر کرد و گوێمان بۆ نەگیرا ئەگەرنا هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ئەم قۆناغە سەختەی کە ئیستا تیایدایە .چارەسەری بارودۆخی پڕ قەیران و گوزەرانی سەختی هاوڵاتییان، بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە و دەسەڵاتێکی نەزیهی خەمخۆر و پەرلەمانێکی حەقیقی دەکرێت کە لە ئێستادا هیچ تروسکایەک نابینم بۆ قسەکردن لەسەر ئەوانە ".
دووپاتیشیكردەوە، "ئەوەی ئەم بارودۆخەی بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی خوڵقاندووە، دەسەڵاتداران و حزبە دەستڕۆیشتووەکانن کە سەروەت و سامانی زۆر و زەبەلاحی هەرێمی کوردستانیان بۆ خۆیان و حزب و کۆمپانیاکانیان قۆرخ و داگیرکردووە .کاری ئەمانە گەیشتووە بە ئاستێک، نە دەست لە گەندەڵیی و بێباکی هەڵدەگرن، نە گوێ لە خەڵکی دڵسۆزی وەک ئێمەمانان دەگرن، نە باکیشیان بە مەینەتی خەڵکی کوردستان و سەختی باری سەرشانیان هەیە،لە هەموو ئەم حاڵەتانە ئێمە ئامادەی گرتنەبەری هەر ڕێگەچارەیەکین کە بارودۆخی هەرێم و ژیانی هاوڵاتیان باش بکا، بەداخەوە سەرەنجامی ئەم بارودۆخە باش نابینم ".
PM:09:55:28/04/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت