شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نە دەرکی سەرا و نە ئوتێل مەولەوی ناڕوخێنرێن


وێستگەنیوز-

"بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕێکخستن و دیزاینی نوێی سەنتەری شار و بەردەرکی سەرا"، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی سەرای سلێمانی کرد و جەختی لەوە کردەوە "نە دەرکی سەرا و نە ئوتێل مەولەوی ناڕوخێنرێن".

دواتر و بەمەبەستی ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانەی دەربارەی چارەنوسی باڵەخانەی ئوتێل مەولەوی و ژمارەیەک لەدووکانەکان دروستبووە، شاناز سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و جێگرەکەی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ خانەوادەی حاجی باقی حسن خاوەنی ئوتێلەکە و ژمارەیەک لە دوکاندار و فرۆشیاراندا.

لەکۆبوونەوەکەدا لە ئوتێل مەولەوی، خاتوو شاناز رایگەیاند لەسۆنگەی بایەخدانمان بە پاراستنی کلتورو مێژوی ئەم شارە و رێگریکردن لە رووخاندنی ئوتیل مەولەوی و تێکدانی سیما و شوناسی شار، بەردەوام لەگفتوگۆداین لەگەڵ شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوە و دیزاینکردن رێکخستنەوەی بەردەرکی سەرا بە مەرجێک کە پارێزگاری لە سیما کلتورییە دێرینەکەی بکات و پاراستنی شوێنەوارەکان رەچاو بکرێت.

وتیشی بەردەرکی سەرا سمبولێکی مێژوویی گرنگە بۆ ئەم شارە، ئەمڕۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانم هێناوە بۆ گوێگرتن لەخەڵکی شار و کاسبکاران و خاوەن موڵکەکان و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریەکانیان بۆ هێشتنەوەی باڵەخانەکە و دڵنیاکردنەوەیان کە نە سەرا و نەئوتێل مەولەوی تێک نەدراوە و ناڕوخێنرێت.


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە پاڵپشتی بینا کۆنەکانی ئەم شارە و خەڵکەکەی ئەکات، چونکە هەموو گۆشەیەکی یادگارێکە بۆ هەر تاکێکمان بۆیە پارێزگاری لێ دەکەین، داواشی کرد کە پڕۆژەی نوێ بۆ جوانکاری شار جێبەجێ بکرێت و ئاوڕێک لە خانوە کۆنەکانی گەڕەکی شێخانیش بدرێتەوە و تا ئەو خانوانەی ماون لەڕووخان بپارێزرێن.


PM:03:50:28/04/2026












ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت