نەخۆشخانەی منداڵان لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک خێزانەکان ئاگادار دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

پاش ئەوەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی(دەم و دەست و قاچ) لەناو منداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دایبابان و بنەماڵەکان ئاگادار دەکاتەوە.

د.کۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری بە ماڵپەڕی یەکێتیی وتووە، "ئەو ڤایرۆسەی لەئێستادا لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە پێی دەوتریت، ڤایرۆسی(دەم و دەست و قاچ)، لەڕاستیدا ڤایرۆسەکە هیچ مەترسییەکی نییە و سوڕی نەخۆشییەکە نزیکەی 10 رۆژ دەخایەنێت کە هەفتەی یەکەم کەمێک قورسە، چونکە منداڵەکە خواردنی بەتەواوی کەم دەبێتەوە بەهۆی برینەکانی ناودەمییەوە".

راشیگەیاند: ڤایرۆسەکە گواستراوەیە و ڤایرۆسێکی نوێ نییە هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بڵاودەبێتەوە، هاوکات لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر دەگوازرێتەوە، بەڵام جێگەی مەترسی نییە و دڵنیایی دەدەمە دایبابان ڤایرۆسەکە قورس نییە و کەمترین منداڵمان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە داخڵی نەخۆشخانە کردووە، تەنها ئەو منداڵانە نەبێت کە بەهیچ جۆرێک خواردن ناخۆن و بێهێز بوون.

د.کۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارم کەناڵەکانی راگەیاندن زۆر بەرپەسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانەدا بکەن و نەبنە هۆکاری دروستکردنی قەلەقی و دڵەڕاوکێ لەدڵی دایباباندا، چونکە لێرەو لەوێ باس لەوەدەکرێت کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە منداڵی زۆر داخڵی نەخۆشخانەکەمان کرابێت، کە ئەوە دوورە لەڕاستییەوە و وەک هەر کاتێکی ئاسایی منداڵان سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و کەمترین منداڵمان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە داخڵی نەخۆشخانە کردووە.


PM:01:47:28/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 4588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت