پیسکردنی ژینگە بە ساڵێک بەندکردن و غەرامەی 10 ملیۆن سزا دەدرێت
وێستگەنیوز-
ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق پرۆژەیاسایەک سەبارەت بە پاراستنی ژینگە تاوتوێ دەکات کە تێیدا سزای پیسکردنی
ژینگەی بە بەندکردن تاوەکو ساڵێک و غەرامە تاوەکو 10 ملیۆن دینار دەستنیشان کراوە.
پێشنیازە یاساکە کە بە
ناوی "چارەسەری پاشماوە رەقەکانی شارەوانی"یە، لە 19 مادە پێکهاتووە. ناوەڕۆکی
پێشنیازە یاساکە بۆ چارەسەری خۆڵ و خاشاکی ماڵان، کۆمپانیا، کارگە، باخ و چالاکیی دیکەیە،
بۆ ئەوەی ئەو بەشەی ریسایکلین بکرێت، کە دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت، ئەوەش لە رێگەی
پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە.
کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک
و چارەسەرکردنی، یەکێکە لەو بڕگانەی لە پێشنیازە یاساکەدا مەرجی بۆ دانراوە، کە لەلایەن
شارەوانیی سەر پارێزگایەکەوە دەکرێت.
لە پێشنیازە یاساکەدا هاوردەکردنى
پاشماوەی خۆڵ و خاشاک و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی قەدەخە دەکرێت، بەڵام هەناردەکردنی پێویستی
بە رەزامەندیی وەزارەتەکانی ژینگە و تەندروستیی عێراقە.
دوو جۆر سزا لەو پێشنیازە
یاسایەدا دیاریکراون بۆ ئەوانەی سەرپێچیی رێکارەکان دەکەن؛ سزای پێبژاردن و بەندکردنە.
ئەو کەسانەی کە مامەڵە
بە خۆڵ و خاشاکەوە دەکەن بەبێ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتبێت، سزاى بەندکردنیان بۆ
دیاری کراوە کە لە نێوان 3 مانگ بۆ ساڵێکە، هەروەها سزای پێبژاردنی هەیە کە یەکەی کارگێڕیی
پارێزگاکان دیاریی دەکەن، بەو مەرجەی لە نێوان 5 بۆ 10 ملیۆن دینار بێت.
هەر کەسێکیش خۆڵ و خاشاک
لە دەرەوەى شوێنی دیاریکراوی خۆی فڕێ بدات، سزای پێبژاردنەکەی لە 100 هەزار بۆ یەک
ملیۆن دینارە.
لەمبارەوە ئاسۆس عەلی،
ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی
میدیایی دەڵێت، "ئەو پێشنیازە یاسایە هی خولەکانی رابردووە و خوێندنەوەی یەکەمی
بۆ کراوە، دواتر پێشنیاز و تێبینی لەبارەیەوە کۆدەکرێتەوە."
AM:09:54:28/04/2026
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت