سەنتەری میترۆ و یەکێتیی راگەیاندنی ئازاد لە قامیشلۆ یاداشتێكی لێکتێگەیشتنيان واژۆکرد
وێستگهنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسانى 2026، لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوا لە ئۆفیسی سەرەکی یەکێتیی راگەیاندنی ئازاد (YRA)، مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەنتەر میترۆ و یەکێتی راگەیاندنی ئازاد، بەڕێوەچوو.
ئامانجی لێكتێگەیشتنەكە خۆی لە پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و راهێنان و پتەوكردنی توانا پیشەییەکان و بەرەنگاربوونەوەی وتاری رق و كینە و مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەبینێتەوە.
لە سەرەتای كۆنگرەكەدا ئەڤین ئیبراهیم، هاوسەرۆکی یەکێتیی راگەیاندنی ئازاد(YRA)، بەخێرهاتنی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆی کرد، هەروەها یادی رۆژی شەهیدانی رۆژئاوا و سەرجەم شەهیدانی راگەیاندن کرایەوە.
ئەڤین ئیبراهیم، مەرجەکانی رێککەوتنەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر خواستی هەردوولا بووە بەمەبەستی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و پەرەپێدانی ئازادی ڕادەربڕین و پتەوكردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی و پاراستنی مافی کارمەندانی ڕاگەیاندن.
ئەو خاڵانەی یەکێتیی راگەیاندنی ئازاد و سەنتەری میترۆ لەسەری رێککەوتوون بریتین لە:
- هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان هەردوولا بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش لە پێناو پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری.
- پەرەپێدانی تواناکانی ڕۆژنامەنووسان لە رێگەی ڕاهێنان و وۆرک شۆپ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی پیشەیی.
- پتەوكردن و پاڵپشتیکردنی بەشداریکردن لە كۆنگرە و چالاکییە میدیاییەکان و پشتگیریکردنی پاڵپشتی بۆ ئەوەی یەکێتی راگەیاندنی ئازاد بچێتە نێو ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان.
- پشتیوانی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و چەسپاندنی بنەمای شەفافیەت و ئازادی ئاڵوگۆڕکردن.
- ڕێگریکردن لە وتاری رق و كینە و هەواڵی ساختە و هاندان بۆ توندوتیژی و پێکەوە کارکردن بۆ پێشخستنی وتارێکی میدیایی پیشەیی کە پابەند بێت بە ئەخلاقی پیشەیی و خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات.
- سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان پشتگیری تەکنیکی و پیشەیی پێشکەش بە یەکێتی راگەیاندنی ئازاد دەکات، و هەوڵدەدات سەرچاوەی زیاتر بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی توانا بەردەستەکان دابین بکات.
رێککەوتنەکە لەلایەن هاوسەرۆکایەتی یەكێتیی راگەیاندنی ئازاد و رەحمان غەریب واژۆكرا.
دوابەدوای واژۆکردنەکە، پرسیار لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە هاتە ئاراوە. سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی رێککەوتنێکی لەو شێوەیە تا ئێستا نەكراوە، رەحمان غەریب لە وەڵامدا وتی، "لە ساڵی 2021ەوە کۆبوونەوەیەكی هاوکاریمان ئەنجامدا و باسمان لە شێوەی رێککەوتنەکە و چۆنیەتی درێژکردنی دەستی هاوکاری بۆ رۆژنامەنووسانی رۆژئاوا کرد و لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە ئەمڕۆ گەیشتوینەتە ئەم رێککەوتنە".
PM:10:19:25/04/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت