دوایین ئاماری هێرشەکانی سەر هەرێم؛ "نزیکەی 700 هێرش و 22 شەهید"
وێستگەنیوز-
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراویCPT ئامارێکی نوێ لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسداران
و گروپە چەکدارەکانی، بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنێت، لەسەرەتای
دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئێران، 695 هێرشی جۆراوجۆر کراونەتەسەر هەرێم و 22 شەهیدبون،
101 کەسی دیکەش برینداربوون.
لەڕاگەیەنراوێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTهاتووە،
"سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بەردەوامن لە هێرشکردنە
سەر هەرێمی کوردستان و لەو ماوەیەدا 48 هێرش کراوەتەسەر هەرێم ".
بەپێی ئامارەکان، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشەکانی
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی سەدان
هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک بویەوە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە
هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق. بە جۆرێک لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ڕاگەیاندنی
ئاگربەست لە ڕۆژی 8ی نیساندا، 647 هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەماوەی ئاگربەستدا، کامپ و بارەگای حیزبە
کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بون، بەراورد بە
پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، زۆرینەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون.
هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ڕاگەیاندنی ئاگربەست 8ی نیسان
سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، لە ماوەی
40 ڕۆژی شەڕەکەدا، لە 28ی شوبات تاوەکو 8ی نیسان،647 هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان. زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر کونسوڵخانە
و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمدا بوون کە ژمارەیان 277 هێرش بووە.
بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شوێنە
مەدەنی نشینەکان، کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەکان، کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن، دامەزراوە
مەدەنی و سەربازییەکانی نابەشدار لەو جەنگە بە پلەی دووەم دێن لە ڕێژەی بە
ئامانجگرتن و 224 جار بە ئامانجگیراون. کامپ و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات
لە هەرێمی کوردستان بە پلەی سێیەم دێن و 146 جار بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. سوپای
پاسدارانی ئێران بەرپرسە لە (31.8٪)ی ئەو هێرشانە و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە
(68.2٪)ی هێرشەکانییان ئەنجامداوە و لە (42.8٪)ی هێرشەکان بۆسەر دامەزراوە دیپلۆماسی
و سەربازییەکانی ئەمریکا بوون لە هەرێمی کوردستان.
هێرشەکان لەماوەی ئاگربەستدا (8 بۆ 24ی نیسان)
لەدوای ئەوەی کە لە 8ی نیساندا، هەردوو لایەنی شەڕەکە ئاگربەستیان
ڕاگەیاند و دانوستانەکانی (ئیسلام ئاباد) دەستیان پێکرد، پێشبینی ئەوە دەکرا کە هێرشەکانی
ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستانیش بوەستێندرێن و ئاگربەست هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بەردەوامبوون لە هێرشەکانییان.
لەماوەی ئاگربەستدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی 48 هێرش بۆتەوە. لەو ژمارەیە، سوپای
پاسداران بەرپرسە لە (75٪)ی هێرشەکان و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق لە (25٪)ی
هێرشەکانیان لە کاتی ئاگربەستدا ئەنجامداوە.
ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بەراورد بە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست،
زۆرینەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون. لەماوەی ئاگربەستدا،
زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بوون کە 37 هێرش بوون
و ڕێژەی (77.1٪)ی کۆی هێرشەکان پێکدەهێنێت. بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی
هەرێمی کوردستان و شوێنە مەدەنی نشینەکان 7 جار هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش
(14.6٪)ی هێرشەکان پێکدەهێنێت. لەماوەی ئاگربەستدا، دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی
ئەمریکا کەمترین هێرشیان کراوەتە سەر کە تەنیا 4 هێرش بوون و ڕێژەی (8.3٪)ی کۆی هێرشەکان
پێکدەهێنێت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە سەرنجی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی
ئاگربەستدا، لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەرێمەوە گۆڕاوە
بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگا و کامپەکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی
کوردستان. هەروەها ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرەنتی ڕاگرتنی
هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ناکات.
سەرجەمی هێرشەکان (28ی شوبات بۆ 24ی نیسان)
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، 695 هێرش بۆسەر
هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لە (34.8٪)ی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون
و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق بەرپرسن لە لە (65.2٪)ی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی
کوردستان.
بەهۆی هەبوونی کونسوڵخانەی گشتی و بارەگای سەربازی ئەمریکا
لە هەولێر و زۆرترین کامپ و بارەگای سەربازی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، زۆرینەی هێرشەکان
بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بە پلەی
دووەم و سێیەم و چوارەم دێن، لە ڕێژەی بە ئەمانجگرتنیان.
ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکان:
هەولێر: 544 هێرش – 78.3٪
سلێمانی: 123 هێرش – 17.7٪
دهۆک: 22 هێرش – 3.2٪
هەڵەبجە: 6 هێرش – 0.8٪
جۆری هێرشەکان
هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هاژەک، تۆپباران
و تەقەکردنەوە ئەنجامدراون. بەشێوەیەک:
551هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون.
131هێرش لە ڕیگەی هاژەکەوە ئەنجامدراون.
12هێرش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە ئەنجامدراون.
1هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردنەوە ئەنجامدراوە.
ئامانجی هێرشەکان
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراویCPT، ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و
گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەسەر سێ گروپدا پۆلێن
کردووە. گروپی یەکەم دامەزراوە دیپلۆماسی و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکان لە هەرێمی
کوردستان. گروپی دووەم حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەیان ساڵە لە هەرێمی
کوردستانن و لە کامپ و ئۆردوگای تایبەت بە خۆیان نیشتەجێکراون. گروپی سێیەم، وەزارەتی
پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوە مەدنی و فەرمییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون،
ناوەندی بازرگانی و وزە، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئەو دامەزراوانەن
کە نابەشدارن لە جەنگی ئێران و ئەمریکا. ژمارەی و ڕێژەی هێرشەکان بۆسەر ئەم گروپانە،
لەسەرەتای دەسپێکردنی جەنگەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا: 281 هێرش -
40.5٪
دامەزراوەی مەدەنی، شوێنی نیشتەجێبوون و لایەنە نا بەشدارەکانی
جەنگ: 231 هێرش – 33.2٪
حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: 183 هێرش - 26.3٪
لە 695 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک، 407 هێرش لە ڕێگەی
سیستەمی بەرگری ئاسمانی، هێرشی فڕۆکەی جەنگی یاخود تەقەی ڕاستەوخۆ پوچەڵکراونەتەوە
بەر لە پێکانی ئامانجەکانییان. واتە، ڕێژەی (58.6٪)ی هێرشەکان پوچەڵکراونەتەوە.
زیانە گیانی و ماددییەکان
لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 24ی نیسانی 2026،بەهۆی هێرشەکانەوە، 123 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی کە
لەو ژمارەیە 22 کەس گیانیان لەدەستداوە و 101 کەسی تریش برینداربوون. 24کەس لە
قوربانییەکان خەڵکی مەدەنی بوون.
جگە لە زیانی گیانی، هێرشەکان بوونە هۆی زەرەر و زیانی ماددی
بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. بە جۆرێک، زیاتر لە 67خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون
و 45ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە.
ڕاسپاردەکان
تیمی کوردستانی عێراقیCPT پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست
دەکات. بەڵام لەگەڵ وەستاندنی هێرشی سەربازی لایەنەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر یەکتری،
پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانیش بۆسەر هەرێمی کوردستان
بوەستێندرێن. حکومەتی عێراق لەسەریەتی کە سەروەری خاکی عێراق بپارێزێت و گروپە
هاوپەیوەندەکانی ئێران کە لە عێراقەوە هێرشدەکەنە سەر هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی لێپێچینەوە
و بەرپرسیارییەتی بکات. هەرچی زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کاربکەن
بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زەرەرمەندی ئەم جەنگە، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە
20ی ساڵی 2009 و یاسای ژمارە 57ی ساڵی 2015ی هەموارکراو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
PM:04:08:24/04/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت