حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە
وێستگەنیوز-
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و راگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە".
ئاماژە بەوەکراوە، "لەم چوارچیوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستی روون و نەگۆڕی خۆی بۆ ڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەم شێوەیە دەخاتە روو، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستیەوە، هەروەها، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتووگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە. بە رێزگرتن لە دەستووری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی ووڵاتانی دراوسێ".
دەشڵێت، "لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و رێگری کردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاوڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە".
ئاماژە بەوەشدراوە، "خەلکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستووریەکاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حکومرانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاوڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان".
AM:10:49:24/04/2026
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت