وەزارەتی پەروەردە شێوازو رەنگی نوێی یەکپۆشی قوتابیانی راگەیاند


وێستگەنیوز-

بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان دەکرێت و بە وتەی وەزیری پەروەردەش، بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە قۆرخکاری و سووککردنی بارگرانییە لەسەر شانی دایک و باوکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو قۆناخی 12ی ئامادەیی دەگۆڕدرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم راگەیاندنە پێشوەختەیە بۆ ئەوەی بازرگانان و ناوەندەکانی خوێندن کاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت و هیچ زیانێکی داراییان بەرنەکەوێت.

وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆسەیە بە هیچ جۆرێک قۆرخکاری تێدا نییە و هەر بازرگانێک دەتوانێت بەپێی ئەو دیزاین و مواسەفاتانەی دیاریکراون، جلوبەرگەکان هاوردە بکات یان دروستیان بکات. هەروەها راشیگەیاند، هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە دایک و باوکی قوتابی ئاراستە بکات بۆ کڕینی جلوبەرگ لە شوێن یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو، بەڵکو دایک و باوک ئازادن لە هەر شوێنێک بیەوێت جلوبەرگەکە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.

سەبارەت بە پارچەکانی جلوبەرگەکە، تەنیا 3 پارچە (پانتۆڵ، تیشێرتی قۆڵکورت و تیشێرتی قۆڵدرێژ) وەک یەکپۆشی دیاریکراون. وەزارەتی پەروەردە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی لە ناو پڕۆسەی یەکپۆشی دەرهێناوە.

رەنگەکان بە پێی قۆناخەکانی خوێندن بەم شێوەیە دیاریکراون:

- باخچەی منداڵان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی.

- قۆناخی 1 تاوەکو 6ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی و پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.

- قۆناخی 7 تاوەکو 9ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەساسی.

- قۆناخی 10 تاوەکو 12ی ئامادەیی: تیشێرتی رەساسی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش.



AM:11:04:23/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت