هاتوچۆ بڕیارێکی لەسەر ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەرکرد


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هۆشداریی توند دەدات لە بارەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ڕایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە چاوپۆشییەک بۆ ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە ناکەن و ڕاستەوخۆ دەستیان بەسەردا دەگرن.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئیدارەی ڕاپەڕین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە تەنها سەرپێچییەکی هاتوچۆ نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە مەفرەزەکانیان ڕاسپاردووە بە توندترین شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا بکەن و دەستیان بەسەردا بگرن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەلامەتیی گشتیی هاوڵاتیان هێڵی سوورە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت بەهۆی لێخوڕینی بێ مۆڵەت یان دروستکردنی دەنگی نائاسایی، ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە و ئارامیی شەقامەکان تێکبدات، هەر کەسێکیش ئەو سنوورانە ببەزێنێت، ڕووبەڕووی سزایەکی قورس و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان و ناو شارەکان، پلانێکی تۆکمەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان داڕشتووە، تاوەکو یاسا ببێتە تاکە حاکم لەسەر شەقامەکان و ئاسایش و سەلامەتیی خەڵک بپارێزرێت.


AM:10:25:23/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت