سوپای ئەمریکا: ئامادەین هەر ساتێک بێت شەڕ دژی ئێران دەستپێبکەینەوە


وێستگەنیوز-

ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ڕۆژی سێشەممە 21ی نیسان لە زاری دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە: "ئێمە ئامادەین لە هەر ساتێکدا و لە کورتترین کاتدا، ئۆپەراسیۆنە جەنگییە فراوانەکان دژی ئێران دەستپێبکەینەوە".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە لەلایەن نێوەندگیری پاکستانییەوە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان تاران و واشنتن ڕاگەیەندرابوو.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران هۆشدارییەکی هاوشێوەی داوە و ڕایگەیاندووە، "بەهۆی نزیکبوونەوە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ماوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەربەستبوونی داواکارییە زۆرەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکییەکان لەبەردەم دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئێران بەتەواوی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ ئامادەیە".

تەسنیم هەروەها دەنوسێت کە ئێران "سوپرایزی نوێی بۆ خولی نوێی جەنگە ئەگەرییەکە ئامادە کردووە".

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ترووس سۆشیاڵ»، ئێرانی بە «پێشێلکردنی» ئاگربەست تۆمەتبار کرد. ناوبراو وردەکاری زیاتری نەخستە ڕوو و تەنها وتی کە ئێران چەندین جار ئەم کارەی کردووە.


PM:03:51:21/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت