فازڵ میرانی: پارتی خاکپارێزە و رێگریی لە خاکفرۆشتن کردووە
وێستگەنیوز-
بەرپرسی
دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی سیاسی
لە عێراقدا پێویستی بە پێداچوونەوە و راستکردنەوە هەیە و دەشڵێت: هەڵوێستە سیاسییەکانی
پارتی و بایکۆتکردن بە واتای کشانەوە لە پرۆسەکە نایەت و هاوكات هیچ حکومەتێک لە بەغدا
بەبێ پارتی دروست نابێت.
فازڵ
میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە
لێدوانێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوە دا، کە عێراق خاوەنی سیستەمێکی پەرلەمانییە و پێویستە
هەموو لایەک رێز لەم سیستەمە بگرن و وتیشی، "پارتی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی
حزبی هەنگاو نانێت، بەڵکو وەک هێزێکی گەورە کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە نیوەی خەڵکی
کوردستان دەکات، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی لەسەر شانە.”
سەبارەت
بە هەڵوێستە سیاسییەکان و پرسی بایکۆت، میرانی روونیکردەوە، کە بایکۆتکردن یان هەڵپەساردنی
کارەکان مافێکی سیاسیی فراکسیۆنەکانە و بە واتای کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی نایەت، بەڵکو
ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بە راستکردنەوە
و گۆڕینی ئاراستە هەیە.
وتیشی،
"بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە دوای 2003ـوە پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ
کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە دیاریکراوە. ئێمە
وەک پارتی مەبەستمان نەبووە پۆستی سەرۆک کۆمار بە تەنیا بۆ حزبەکەمان بێت، بەڵکو جەختمان
لە مافی کورد کردووەتەوە.”
فازڵ
میرانی، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ کوردستان24، هیوای خۆی بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی
ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی
و جەختی کردەوە، کە یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان نەک تەنیا خواستێکی سیاسییە، بەڵکو
ویست و داواکاریی سەرەکیی تەواوی خەڵکی کوردستانە و وتیشی "پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار
کێشەیەکی ئەوەندە گەورە و ئاڵۆز نییە کە لە نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر نەکرێت.”
سەبارەت
بە پرسی کەرکوک و دەرەنجامە سیاسییەکانی، فازڵ میرانی رەخنەی لە پەرتەوازەیی لایەنە
کوردییەکان گرت و وتی، "ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە یەک لیستی یەکگرتوو بەشدارییان
لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکردایە، بێگومان پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد دەبوو.”
دووپاتیشی
کردەوە، کە بەهۆی پێگە و مێژووی شارەکەوە، پێویست بوو پۆستی پارێزگار بۆ پێکهاتەی
کورد بێت و پێکهاتە و لایەنەکانی دیکەش لە رێگەی پێدانی پۆستی دیکەوە لە بەڕێوەبردنی
شارەکەدا بەشدار بکرانایە.
دەشڵێت:
پارتی خاکپارێزە و رێگری لە خاکفرۆشتن کردووە، هەروەها هیچ حکومەتێک لە بەغدا بەبێ
پارتی دروست نابێت.
PM:09:21:19/04/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت