ترەمپ: یەک دوو ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ ئێران دەگەینە رێکەوتنی کۆتایی


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک لێدوانی نوێدا بۆ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، هەواڵی نزیکبوونەوەی رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران راگەیاند و هاوکات هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان.

هەینی 17ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هیچ خاڵێکی جێناکۆک لە رێککەوتنەکەدا نەماوە و زۆر لە واژۆکردنی نزیکین.

هەروەها بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی وتی: "پێموایە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی، ئێرانییەکان دەیانەوێت کۆببنەوە و ئەم کۆتایی هەفتەیە دانوستانەکان بەردەوام دەبن."

لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا بۆ ئەکسیۆس، ترەمپ رایگەیاند کە رێککەوتنەکە "ئیسرائیل دەپارێزێت"، بەڵام پێویستە تەلئەڤیڤ هێرشەکانی رابگرێت. ترەمپ بە راشکاوی وتی: "ئیسرائیل دەبێت بوەستێت، ئەوان ناتوانن بەردەوام بن لە تەقاندنەوەی باڵەخانەکان لە لوبنان، من رێگەیان پێنادەم ئەو کارە بکەن."

ترەمپ بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد کە ئەمریکا و ئێران پێکەوە کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران و گواستنەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ترەمپ گوتی: "بەسەرخۆیی و بێ پەلەکردن دەچینە نێو پرۆسەی وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمەکە."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، ئەگەری هەیە سەردانی (ئیسلام ئاباد)ی پایتەختی پاکستان بکات، بەڵام گوتی هێشتا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە نەداوە.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، ترەمپ وتی: "گەمارۆی دەریایی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکە 100% جێبەجێ دەکرێت."



بەپێی زانیارییەکانی بلوومبێرگ، ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە ئێران رەزامەندی نیشانداوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار رابگرێت. لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراویشدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران "هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراو لە ئەمریکا وەرناگرێتەوە" لە بەرامبەر ئەم رێککەوتنەدا.


PM:08:18:17/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت