لەسەر شێوازی مامەڵەكردنی نەخۆشخانەكان لەگەڵ شەهید غەزال کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی سازکرا


وێستگەنیوز-

ئەمرۆ 16ی نیسانی 2026، سەنتەری میترۆ لەشاری سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لەسەر شێوازی مامەڵەكردنی نەخۆشخانەكان لەگەڵ شەهید غەزال مەولان، پێش لە شەهیدبوونی سازكرد.

لە كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا سەرەتا رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە وتەیەكدا بۆ پرسی چارەسەر نەكردنی غەزال مەولان وتی: هەر ئەخلاقێك رێگە بەخۆی بدات نەزیفی ئینسانێك رانەگرێت، بەهۆی ئەوەی لە چ سەنگەرێكە، ئەوە تاوانە، ئەوە شەریكە لە تاوانەكە، ئەوە شەریكی ئێرانبووە، ئەوە شەریكی قاتڵەكەیە، ئەوە شەریكی ئەو كەسەیە قەسفەكەی كردوە. ئەوە قسەی ئێمەیە.

دواتر رێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە دوو خولی پەرلەمان لە وتەیەكدا وتی: بە هۆی ئەم شەڕەوە ترسێك لەناو خەڵكدا هەیە ‌و پێویستە لەم كاتی شەڕەدا لایەنە پەیوەندیدارەكان و جێگری سەرۆكی حكومەت بەتایبەتی بۆ سلێمانی كە هەمیشە خزمەتی هەموو پارچەكانی كوردستانی كردووە، هەوڵ بدەن رێوشوێنی پێویست بۆ حاڵەتی جەنگی بۆ نەخۆشخانەكان بە كەرتی تایبەتیشەوە فەراهەم بكەن.

دەبێ نەخۆشخانەكان دەزگای پۆلیسیان تیا بێت تا لەحاڵەتێك پەنابەرێك بە رووداوێكی وا سەردانی دەكات راستەوخۆ پۆلیس ئاگاداری دۆخەكە بێت.

دواتر نوێنەری نەخۆشخانەی ئاسیا لە وتەیەكدا وتی ئەو كەیسە نە بە تەلەفۆن نە بە هیچ شێوەیەك بۆلای ئەوان نەهاتووە.

دواتر نوێنەری نەخۆشخانەی بەخشین لە قسەكانیدا وتی:غەزال مەولا، کچە پێشمەرگەكەی کۆمەڵە لە نەخۆشخانەكەمان چارەسەری سەرتایی بۆ كراوە و بەڕیزەوە مامەڵەی لەگەڵ كراوە و وتیشی تەندروستی سلێمانی پابەندی كردوین بەوەی كە نابێت چارەسەری برینداری هیچ كەیسێكی پۆلیس بكەین.

ئاماژەی بەوەشدا نەخۆشخانەكەمان بەشی فریاكەوتنی 24 كاتژمێری نیە، تەنها بەشی فریاكەوتنی هەناوی و مێشك و دەماری هەیە. دوای پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، بڕیاری وەرگرتنی نەخۆشەكەماندا، بەڵام هاوەڵاكانی نەخۆشەكە بردیانە نەخۆشخانەیەكی دیكە. بەبێ جیاوازی بیركردنەوە و ئایدۆلۆژیا، سەرجەم ڕۆكانی ئەم نیشتیمانە بە ڕۆڵەی خۆمان دەزانین.

دەقی کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکە لەم لینکەوە ببینە


PM:03:08:16/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو