جێگری سەرۆک کۆماری ئێران: ئەمریکا بووە بە حه‌وته‌م پارێزگای ئیسرائیل


وێستگەنیوز-

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌، 16ی نیسانی 2026، محەمەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی حکومەت ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بووە بە "حه‌وته‌م پارێزگای ئیسرائیل"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئاستی پاشکۆیەتی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب.

عارف جەختی له‌وه‌ کردەوە، پلانەکانی حکومەتی ئێران، تەنها لە لایەنە بەرگرییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو خاوەنی بەرنامە و پلانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیشن.

جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران، رۆژی سێ شه‌ممه‌ی رابردوو، رایگه‌یاند بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکەر، باسی له‌وه‌ كردووه‌ ڕۆژانە زانیاری و ڕاپۆرتی پێدەگات و ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڤانس لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئیسلام ئاباد، وەک هەموو ڕۆژەکانی تر، وردەکاریی دانوستانەکانی پێڕاگەیاندووە".

له‌م باره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د ره‌زا عارف پێیوایه‌ "بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا، بەرپرسێکی باڵای حکومەتێک، ڕۆژانە ڕاپۆرت و زانیاری، پێشکەش بە سەرۆکی ڕژێمێکی تر بکات".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد ئەم پرسە "پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، بەڵکو گوزارشت لە ڕیسوایی و سوکایەتییەکی سیستماتیک دەکات". عارف پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات ئایا گەلی ئەمریکا، درک بەوە دەکەن کە "کۆشکی سپی، لە ڕاستیدا بووە بە لقێک بۆ پێدانی راپۆرت بە ڕژێمێکی تر؟"

لە هەمان چوارچێوەدا، موحسین ڕەزایی، ئەندامی ئه‌نجومه‌نی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم لە ئێران ڕایگەیاند "ترەمپ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو بڕیارانەی لە پشت پەردەوە، لەلایەن نەتانیاهۆ و سەرمایەدارە ئەمریکی-سەهیۆنییەکانەوە دەدرێن".


PM:02:02:16/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو