سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدرانەوە کە بەشێکیان رووفاتی پێشمەرگەیان تێدایە
وێستگەنیوز-
سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەوروبەری موسڵ دۆزرانەوەو بەڵگە سەرەتاییەکان
ئاماژە بەوە دەدەن کە قوربانییەکان پێشمەرگە و هاوڵاتیی مەدەنی و کوردانی ئێزدی بن
کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون.
تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، دەستیان
بە دەرهێنانی رووفاتی ئەو کەسانە کردووە کە لە کاتی شەڕی داعشدا شەهید کراون.
رۆژی 16ی نیسانی 2026، د.یاسین کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگای پزیشکیی
دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە لیدوانێکدا رایگەیاند، "لە دوای ساڵی 2015ـەوە
بەدوای ئەم شوێنانەدا دەگەڕێین. بەپێی ئەو زانیاری و شاهیدانەی لەبەردەستمانن، لێرە
سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەن؛ دوو گۆڕیان هی پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنین، گۆڕی سێیەمیش کە
لە بەشی سەرەوەی ئەوانی دیکەیە، رووفاتی ئافرەت و منداڵی تێدایە."
جەختی لەوەش کردەوە کە بەپێی جلوبەرگەکان، بەتایبەت بوونی
"جامانەی سوور" و "قەمسەڵەی عەسکەری"، دڵنیان کە ژمارەیەک لەو
رووفاتانە پێشمەرگەن. پێشبینی دەکرێت لەو شوێنەدا رووفاتی 10 بۆ 15 پێشمەرگە هەبێت
کە پێشتر شوێنبزر بوون.
دکتۆر یاسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شێوازی کۆمەڵکوژکردنی
قوربانییەکان کرد و گوتی: "هەموو قوربانییەکان چاویان بەستراوەتەوە و دەستیان
لە پشتەوە کۆت کراوە، پاشان بە فیشەکی دەمانچە یان کڵاشینکۆف لە سەریان دراوە؛ هەندێکیان
لە پشتەوە و هەندێکیان لە پێشەوە فیشەکیان پێوە نراوە."
سەبارەت بە ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان، دکتۆر یاسین رایگەیاند
کە رێکارەکان بە هەماهەنگی لە نێوان پزیشکی دادی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.
تا ئێستا نموونەی خوێن (DNA) لە 150 خێزانی
پێشمەرگە وەرگیراوە بۆ ئەوەی دوای دەرهێنانی رووفاتەکان، پشکنینەکان هاوتا بکرێن و
بە فەرمی ناسنامەکانیان رابگەیەنرێت.
تیمەکانی پزیشکی دادی ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارچە و رووفاتەکانن
بۆ ئەوەی رەوانەی تاقیگە بکرێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانیی چەندین
ساڵەی کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی داعشدا بێسەروشوێن بوون.
PM:01:56:16/04/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت