تەندروستی سلێمانی رونکردنەوە لە بارەی شەهیدبوونی غەزاڵ مولان دەدات


وێستگەنیوز-

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت بۆ چارەسەری غەزاڵ مولان پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نەکراوە.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دکتۆر سەباح هەورامی، چوار شەممە، 15 نیسان 2026، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی یەکێتی دەڵێت "بۆ چارەسەری غەزاڵ مولان پەیوەندی بە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییەوە نەکراوە".

ئەم لێدوانەی دکتۆر سەباح لە کاتێکدایە کە لەو نوسراوەیدا کە هاوڕێکانی غەزاڵ بڵاویانکردەوە سەرەتا سەردانی "نەخۆشخانەی شۆڕش"یان کردوە و دواتر سەردانی دوو نەخۆشخانەی ئەهلیشیان کردوە.

د. سەباح هەورامی وتیشی "ئەگەر ئەو بریندارە بهێنرایەتە نەخۆشخانە حکومییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بێگومان وەکو هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پێویستمان بۆ دەکرد، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین بەدەر لە بیروبۆچوونی سیاسی هەر کەسێک بۆ چارەسەری پزیشکی پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانمانەوە بکات وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکەین".

ڕۆژی ڕابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سورداش لە شارۆچکەی دووکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هێرشەکەوە پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە "چارەسەرنەکردنی و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە حکومی وتایبەتەکاندا".


PM:11:45:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت