فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵوێستی خۆی راگەیاند


وێستگەنیوز-

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنەکە بەشدار نابێت.

دەقی راگەیەنراوەکە:

جەماوەری خۆشەویست و تێکۆشەری شاری کەرکووک،

کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و نیشتمانپەروەران،

ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنین کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی (١٦ی نیسان)ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید؛ چونکە بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت.

ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینیی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی؛ ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت.

ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاوڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک

١٥ی نیسانی ٢٠٢٦


PM:07:10:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت