قوباد تاڵەبانی چەند بڕیارێکی دەرکردو بە زوویی جێبەجێ دەکرێت


وێستگەنیوز-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر سێ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و رێگاوبان و چاککردنەوەی رێگاوبانەکان، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی ناوشار و دەرەوەی شاری سلێمانی راگەیاند.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 15ی نیسانی 2026 بەڕێوەچوو، باس لە کێشەی رێگاوبانەکانی ناوشار و دەرەوەی شاری سلێمانی کرا کە لەماوەی وەرزی بارانبارین زیانیان بەرکەوتووە، یان بە هەر هۆکارێكی دیکە تێکچوون و گرفتی هاتووچۆیان بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

پاش تاوتوێکردنی پێشنیار و پلانەکان، جێگری سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی گەورەی چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی راگەیاند کە بە زوویی دەست پێ دەکات و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا دەست دەکرێت بە چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی ناوشاری سلێمانی و لە قۆناغی دووەمدا رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار نۆژەن دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەمیشدا دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی شەقامی نوێ کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.

بۆ کارئاسانی و خێراترکردنی هەڵمەتەکە، لە هەفتەی داهاتووەوە بەشێکی تایبەت بە پۆرتاڵی خزمەت زیاد دەکرێت و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێی پۆرتاڵی خزمەتەوە شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خراپبوونی رێگاوبانەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی تیمەکانی چاککردنەوە بە زووترین کات سەردانی شوێنەکە بکەن و دەست بە نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بکەن.


PM:05:57:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت