سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازی یاسای "سەربازیی زۆرەملێ" لە عێراق دەخاتەڕوو


وێستگەنیوز-

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پێشنیازی یاسای "سەربازیی زۆرەملێ" دەخاتە ڕوو. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی "قووڵ" لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا و ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆکی کوتلە پەرلەمانییەکان هاتووە.

بەگوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان، حەلبوسی سەردانی بارەگای وەزارەتی بەرگری کردووە و لەگەڵ فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم سوپا و پێویستییەکانی پەرەپێدانی توانای سەربازی کراوە، بەتایبەت پرسی تەمەنی خۆبەخشان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئەرکەکانیان.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە حەلبوسی یاسای سەربازیی زۆرەملێ وەک "پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی" دەبینێت کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای مرۆیی سوپای عێراق و پەروەردەکردنی نەوەیەک کە خاوەن دیسپلین و هەستی بەرپرسیارێتی بێت.

هەروەها هاتووە، ئەم یاسایە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لەڕێگەی ڕێکخستنی وزەی گەنجان و دوورخستنەوەیان لە دیاردە نەرێنییەکان و بەهێزکردنی گیانی نیشتمانپەروەری.

شایەنی باسە پرسی گەڕانەوەی سەربازیی زۆرەملێ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە چەندین جار خراوەتە بەرباس، بەڵام هیچ کام لەو هەوڵانە نەگەیشتوونەتە ئەنجام. دیارترینیان لە ساڵی ٢٠١٦ و دواتریش لە ساڵی ٢٠٢١ بوو کە حکومەت پڕۆژەیاسای "خزمەتی ئاڵا"ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی ناکۆکی سیاسی و تێچووی ئابووری، دەنگدانی لەسەر نەکرا و دواخرا.


PM:05:44:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت