"دوو نەخۆشخانەی سلێمانی ئامادە نەبوون برینە سەختەکەی غەزال مەولانی پێشمەرگە تیمار بکەن"
وێستگەنیوز-
لە پاش شەهیدبوونی کچەی پێشمەرگە غەزال مەولان، ئەندامێکی
سەرکردایەتی کۆمەڵە بڵاویکردەوە کە "رۆژی برینداربوونی غەزال، دوو نەخۆشخانەی
سلێمانی ئامادە نەبوون برینە سەختەکەی غەزال مەولانی پێشمەرگەی کۆمەڵە تیمار بکەن".
دوێنێ سێشەممە ١٤ی نیسان لەهێرشێکی درۆنی بۆ سەر کەمپی
سورداش، سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە برینداربوون کە دواتر یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی
غەزال مەولان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.
ئەمجەد حوسێن پەناهی ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی زەحمەتکێشانی
کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتی لە لەزاری چەند هاوڕێیەکی غەزال کە لەکاتی
گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لەگەڵی بوون بڵاویکردووەتەوە کە " دوێنێ شەو، دوای هێرشی
درۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی سوورداش، چەند بریندار هەبوون کە یەکێک لەوان بە
ناوی غەزەڵ مەولان، برینەکەی زۆر قورس بوو. بۆیە بە پەلە گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەی
شۆڕش، کە لەوێ خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستییەکانی بۆ دابین کرا، بەڵام دواتر
بە بیانووی نەبوونی قەرەوێڵە و کەمبوونی دەزگاکان، داواکارییەکەمان ڕەت کرایەوە. هەروەها،
بۆمان ڕوون بوو کە بڕیارێک لە سەرەوە دراوە بۆ ئەوەی نەخۆشەکە وەرنەگرن".
"پاشان، پێشنیاری گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی کرا.
پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی ئاسیا کرد، بەڵام ئەوانیش ڕەتیان کرد. دواتر چووین بۆ نەخۆشخانەی
بەخشین، کە لە سەرەتا قبووڵیان کرد، بەڵام کاتێک زانیان کە کەیسەکە پەیوەندی بە هێرشێکی
درۆنی و بابەتی سیاسییە هەیە، وەرمانیان نەگرت و ڕووداوەکە گەیشتە قۆناغی دەمەقاڵە
و دەنگ بەرزکردنەوە."
تائێستا هیچ کام لەو نەخۆشخانانە هێچ روونکردنەوەیەکیان لەو
بارەوە نەداوە.
دەقی نوسینەکەی یەکیک لەو هاوڕێیانە وا لەگەڵ غەزەڵ بووە و لە ئەکاونتی ئەمجەد حسەین پەناهی ئەندامی رێبەری بڵاوکراوەتەوە:
نەخۆشەخانەکانی سلێمانی؟؟؟
غەزەڵ و نەخۆشخانەکانی سلێمانی!!!
دوێنێ شەو، دوای هێرشی درۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی
سوورداش، چەند بریندار هەبوون کە یەکێک لەوان بە ناوی غەزەڵ مەولان، برینەکەی زۆر
قورس بوو. بۆیە بە پەلە گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش، کە لەوێ خزمەتگوزارییە سەرەتایی
و پێویستییەکانی بۆ دابین کرا.
بەڵام کاتێک پێویستی بە خزمەتگوزارییە گرنگەکان وەک( ئێم
ئار ئەی تیشک، و ئای سی یو) بوو، نەخۆشخانەکە نەتوانی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش
بکات. لە سەرەتا قەولیان دا، بەڵام دواتر بە بیانووی نەبوونی قەرەوێڵە و کەمبوونی
دەزگاکان، داواکارییەکەمان ڕەت کرایەوە. هەروەها، بۆمان ڕوون بوو کە بڕیارێک لە سەرەوە
دراوە بۆ ئەوەی نەخۆشەکە وەرنەگرن.
پاشان، پێشنیاری گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی کرا. پەیوەندیمان
بە نەخۆشخانەی ئاسیا کرد، بەڵام ئەوانیش ڕەتیان کرد. دواتر چووین بۆ نەخۆشخانەی بەخشین،
کە لە سەرەتا قبووڵیان کرد، بەڵام کاتێک زانیان کە کەیسەکە پەیوەندی بە هێرشێکی درۆنی
و بابەتی سیاسییە هەیە، وەرمانیان نەگرت و ڕووداوەکە گەیشتە قۆناغی دەمەقاڵە و دەنگ
بەرزکردنەوە.
لەو کاتەدا، دکتۆرێک لە نەخۆشخانەی شۆڕش کە لەگەڵمان بوو، نەبزی
نەخۆشەکەی پشکنین کرد و ڕایگەیاند کە زەرەبانی قەلبی زۆر دابەزیوە. سەرەڕای ئەوەش،
نەخۆشخانەکە وەریان نەگرتین و زیاتر لە نیو کاتژمێر لەوێ مەحتەل بووین.
دواتر، لە ناو ئامبۆڵانسەکەدا زیاتر لە ١٠ خولەک مەحتەل بووین
بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی دیکە. هەوڵمان دا پەیوەندی بە نەخۆشخانەی مێرسی بکەین، بەڵام
وەڵامیان نەدا. پاشان پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی فارۆق کرد، کە دوای کەمێک دواخستن
بۆ هاوئاهەنگی ناوخۆیان، قبووڵیان کرد.
کاتێک گەیشتین، بە پەلە نەخۆشەکەمان بردە ژوورەوە، بەڵام
دوای ماوەیەکی کەم دکتۆر ڕایگەیاند کە دڵی لە لێدان کەوتووە. لەو کاتەدا، نەخۆشەکە
بە ئامێری هەناسەدان (کەپسوولی تەنەفوسی) لە ژیاندا بوو، کە ئەمە نیشانەی دۆخێکی زۆر
خراپ و ئۆرژانسی بوو.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، لە ماوەی گواستنەوە لە نەخۆشخانەی بەخشین
بۆ فارۆق، زەرەبانی قەلبی بە شێوەیەکی زۆر دابەزیوە، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەرەڕای
هەوڵی زیاتر لە یەک کاتژمێر بۆ ڕزگارکردنی، بە داخەوە گیانی لەدەست بیدات.
PM:04:20:15/04/2026
ئهم بابهته 1632
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت