ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی وەڵامی عەلی حسێن دەداتەوە
وێستگەنیوز-
پاش لێدوانێکی عەلی حسێن، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆمار، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی
بۆردی راگهیاندنی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی دەداتەوە.
لەتیف نێروەیی دەڵێت،"خۆزگە ئەو قسەیەی ئەمرۆ کاک عەلی حسێن کردی، (کە بەلای ئەوانەوە کێشە
نییە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت)، پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەناوی پارتییەوە
بیکردایە، ئەوکاتە پێویستی نەدەکرد هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی شەش مانگ دوابکەوێت
و نیگەرانیش دروست نەدەبوو، بەڵکو فراکسیۆنی
ئەوانیش هاوشێوەی پێنج فراکسیۆنەکانی دیکەی حزبەکوردستانییەکان بەشداریان دەکرد لەهەڵبژاردنی
سەرۆک کۆماردا".
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی هەروەها دەڵێت، "بەڵام
ئەرشیفی میدیای ئەوان لەسەر ئەو پرسە، قسەیەکی جیاوازترمان پێ دەڵێن".
ئەمڕۆ عەلی حسێن، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە
سلێمانی و هەڵەبجە لە لیدوانێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر سەرۆک کۆماری نوێ، رایگەیاند:
"کێشەی ئێمە نە لەگەڵ نزار ئامێدییە و نە لەگەڵ هیچ کەسێکی دیکە، تەنانەت کێشەمان
لەگەڵ یەکێتیش نییە وەک حزبێکی سیاسی. کێشەی ئێمە لەسەر بنەمایەکی سیاسییە کە لە
دوای 2003 لە عێراقدا چەسپاوە."
وتیشی، "بەگوێرەی عورفی سیاسی، سەرۆکایەتی کۆمار بۆ
کوردە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ عەرەبی
شیعەیە. هەر پێکهاتەیەک خۆی نوێنەری خۆی دیاری دەکات. شیعەکان پێکەوە سەرۆکوەزیران
و سوننەکانیش پێکەوە سەرۆک پەرلەمان دیاری دەکەن. داوای ئێمەش ئەوە بوو کە لایەنە
کوردستانییەکان پێکەوە بڕیار لەسەر سەرۆک کۆمار بدەن بۆ ئەوەی کورد لە بەغدا بەهێز
بێت."
عەلی حوسێن رەخنەی لەوە گرت، لایەنێکی کوردی لە دەرەوەی یەکڕیزیی
کورد و لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان رێککەوتن بکات بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، چونکە ئەمە پێگەی
هەرێمی کوردستان لاواز دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە عەرەبییەکان لەسەر حیسابی
بەرژەوەندییەکانی کورد بڕیار بدەن.
PM:09:22:14/04/2026
ئهم بابهته 3004
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت