محەمەد حاجی مەحمود:کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال شایستەی ئاوڕ لێدانەوە و بەدەنگەوەھاتنی زیاترن


وێستگەنیوز-

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال دەکەینەوە، کە تاوانێکی دڕندانەی لە بیرنەکراوە دژ بە خەڵکی کوردستان کەخواستی حزبی بەعسی عەفلەقی بوو بۆ کۆمەڵکوژکردنی میللەتەکەمان".


ئاماژەی بەوەکرد، "لە ساڵی 1988 و لەپاش 8 قۆناغی یەک لەدوای یەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، نزیکەی 182هەزار هاوڵاتی کورد لەژن و منداڵ و پیر و جوانی کوردستان شەهیدکران".

محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت، "لەم یادە تاڵ و پڕسوێیەدا، گەلەکەمان پێویستی بەیەکڕیزی و یەک ئیرادەیی و یەکخستنی ھەموو ھەوڵ و تواناکانە بۆ رێگه‌گرتن له‌ دووبارە بوونەوەی ئەو زوڵم و زۆرداری و مەرگەساتانەی لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا وەک تراژیدیای سەدە بەسەر خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا ھات".

دەشڵێت، "کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال، شایستەی ئاوڕ لێدانەوە و بەدەنگەوەھاتنی زیاترن، پێویستە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانیان کاری جددی لەسەربکرێت، لەگەڵ قەرەبوکردنەوەیان، درودو وەفا بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان".


PM:03:29:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت