قوتابخانەیەك لە سلێمانی داوا له وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەكات بەهانایانەوە بچن
وێستگهنیوز – محەمەد فاتیح
قوتابخانەی بەمۆی بنەڕەتی لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی داوا له وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەكات بچنە بە هانای باخچەی قوتابخانەكەوە تاوەكو لەناونەچێت.
قوتابخانەی بەمۆی بنەڕەتی لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا كە بۆ وێستگەنیوزی ناردووە بڵاویكردەوە، "بەڕێز وەزیری پەروەردە، بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەڕێزان یەکەی سەرپەرشتی و دڵنیایی و جۆری پارێزگای سلێمانی، پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، خەڵکانی ویژدان زیندوو خەڵکی گەڕەکی کوردساتی خۆشەویست کەسوکاری قوتابیان دۆستان و پەرۆشانی ژینگەو سەوزایی، ئەوانەی لەنزیکەوە سەردانی قوتابخانەکەمانى کردبێت هەر لەگەڵ هاتنە ژوورەوە لەدەرگای حەوشە، دیمەنی جوانی و سەرنج ڕاکێشی باخچەیەکی جوان و پڕلەداروسەزایی وگوڵ و گوڵزار و چیمەن دەبینن کە بووەتە هۆی ژینگەیەکی تەندروست بۆ قوتابیان و هەم بۆ گەڕەکەکە".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "بەداخەوە ئەم ژینگە جوانە گەر خەمی لێ نەخورێت بەرەو لەناوچوون دەچێت بەهۆی خانەنشینبوونی باخەوانی قوتابخانەکەمان لە بەرواری 1/7/2025، بەڵام ئێمە توانیویمانە بەهیمەتی مامۆستایان و خۆمان نەهێڵين بفەوتێت".
ئاماژەشیكرد، "قوتابخانەکەمان دوو دەوامه و تەنها یەک کارگوزاری جەستە ماندووی هەیە ئەویش نزیکە لە تەمەنی خانەنشینی و خۆمان لەسەر ئەرکی مامۆستایان کارگوزارێکی ترمان دابین کردووە لەم وەزعی مووچە و داراییەی ئێستا، بەڵام باخەوانیشی هاتە سەر کە بەراستی ناتوانین و داواکارین لەلایەنی پەیوەندیدار کە بتوانن خەمێک لەم باخچە جوانە بخۆن، چونکە پێویستی بە خزمەتکردنی بەردەوام هەیە و خۆمان و کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆزی قوتابخانەکەمان ئەوەی توانیبێتمان کردوومانە، بەڵام ئەمە کەسێکی دەوێت بەردەوام خزمەتی بکات و ئاوی بدات، چونکە رووبەرێکی فراوانە چاوەڕێی هیمەتی دڵسۆزانەتانین".
PM:01:40:14/04/2026
ئهم بابهته 1400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت