مەسعود بارزانی: ئەنفال وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی هاتووە، "ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا، لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا سەد و هەشتا و دوو هەزار هاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران، هەروەها كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە".

مەسعود بارزانی دەڵێت، "ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە".

دەشڵێت، "لە یادی 38 ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین".


AM:10:21:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت