نێچیرڤان بارزانی: به‌رپرسياريه‌تيى حکومەتی عێراقه‌ قەرەبووی مادی و مەعنەویی کەسوکاری ئەنفالکراوان بكاته‌وه‌


وێستگەنیوز-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 14ی نیسانی 2026، لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.


لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە، "ئەمڕۆ یادی به‌ئازارى 38 ساڵەی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالى 1988 دەکەینەوە، ئەو تاوانه‌ سامناكه‌ى ڕژێمی پێشووی عێراق ئه‌نجامى دا كه‌ زياتر لە 182 هەزار منداڵ، ئافره‌ت، پیاو و گەنجی بێتاوانى كوردستانى، تيايدا بوونە قوربانی، ئه‌نفال ته‌نيا تاوانێك نه‌بوو، به‌ڵكو هەوڵی نه‌زۆكى سڕینەوەی ته‌واوى گه‌لێكى ئاشتيخواز بوو کە برینەکانی تا ئێستاش لە جەستەی نیشتماندا ماون".

ئاماژەی بەوەکردووە، "لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنوێنین و سڵاوی ئەمەکداری بۆ بنەماڵە و کەسوکاری خۆڕاگریان دەنێرین، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانى عێراق، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسياريه‌تيى حکومەتی فیدراڵیی عێراقه‌ قەرەبووی مادی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان بكاته‌وه‌".

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، له‌ هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئه‌نفال وەک جینۆساید بناسرێت، وەک ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانی، لە پرۆسەی بەدواداگەڕان و گێڕانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی شەهیدان بۆ باوەشی نیشتمان درێخى ناكه‌ين و هه‌رچى له‌ توانادا بێت ده‌بێ خزمه‌تى زیاتر به‌ كه‌سوكارى ئەنفالکراوان بكرێت".

دەشڵێت، "لەم یاده‌دا، جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، تەنیا بە تەبایی و کارى هاوبەشی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەبێت. ئەمە گەورەترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان و گەرەنتیی داهاتوویەکی باشترە بۆ نەوەکانمان كه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ لێى ده‌ڕوانين، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان".


AM:09:29:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت