عەبدوڵا ئۆجەلان: بۆ خەباتی چەکداریی ناگەڕێینەوە


وێستگەنیوز-

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پەیامێکی نوێی ئاراستەی رای گشتیی تورکیا کرد و رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری نابێت و قۆناخی ئێستا "گواستنەوەیە بەرەو ئاشتی".

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئاماژەی بە دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و رایگەیاند، ئۆجەلان بایەخێکی زۆر بە گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەدات.

وتیشی، "ئۆجەلان بەهۆی هەنگاوە نوێیەکانی باخچەلییەوە، پێگەیەکی تایبەتی بۆ داناوە. ئەو بەرز دەینرخێنێت کە باخچەلی لە داواکاریی سێدارەوە گەیشتووەتە ئەم هەڵوێستەی ئێستا."

بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆجەلان لە هەمان کاتدا مافی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش دەدات و وەک لایەنێکی سەرەکی و بڕیاردەری پرۆسەکە سەیری دەکات.

سەبارەت بە خەباتی چەکداریش ، پەروین بوڵدان وتی، "عەبدوڵا ئۆجەلان بە روونی رایگەیاندووە گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری نابێت. ئەو قۆناخەی تێیداین، قۆناخی گواستنەوەیە بەرەو ئاشتی لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراسیدا."

ئۆجەلان پێیوایە، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری نەک هەر کێشەی کورد چارەسەر دەکات، بەڵکو "کۆماری تورکیا لە جاران بەهێزتر دەکات."


PM:09:47:13/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو