قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوە
وێستگەنیوز-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەبۆنەی هەڵبژاردنی
نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری نوێی عیراق، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:
نزار ئامێدی كەسایەتییەكی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێكی راستەقینەیەو ئەزموونی
دەوڵەمەندی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال-دا هەیە.
دەقی پەیامەكە:
بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز كاك نزار ئامێدی وەك سەرۆككۆماری
نوێی عیراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم
لەم ئەركە نیشتمانییەدا.
كاك نزار ئامێدی كەسایەتییەكی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێكی
ڕاستەقینەیە. ئامادەیی و كاركردنی بەردەوامی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ لە بەغدا، ئەزموونی
دەوڵەمەندی لەگەڵ جەنابی سەرۆك مام جەلال و سەرۆككۆمارەكانی دواتر، هەروەها هەبوونی
پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ تەواوی لایەنە عیراقییەكاندا، دڵنیامان دەكاتەوە لە سەركەوتنی
بەڕێزیان لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەدا.
متمانەی تەواومان هەیە كە جەنابی سەرۆككۆمار بە حیكمەت و
داناییەوە كار دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق، بەتایبەت دۆزینەوەی چارەسەری
ریشەیی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.
سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەموو ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی
نوێنەران دەكەین كە دەنگی متمانەیان بە جەنابی سەرۆككۆمار بەخشی، هەروەها سوپاس بۆ
تەواوی ئەو لایەنە دۆست و هاوپەیمانانەی كە هاوكار و پشتیوان بوون لە سەركەوتنی
كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
سوپاسێكی تایبەتیش بۆ جەنابی دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری
پێشوو كە گەورەیی نواند و كاندیدبوونی خۆی كشاندەوە، ئەمەش شانازییەكی گەورەیە بۆ
بەڕێزیان كە لە كلتووری سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنە سەرۆكێك دەستبەرداری
كورسییەكەی بێت.
لە كۆتاییدا پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە سەرۆك بافڵ جەلال
تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم. هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عیراق
و گەلی كوردستان دەكەم و بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە خەڵكی دڵسۆز و بە ئەمەكی پارێزگای
دهۆكی ئازیز دەكەم كە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا كەسایەتییەكی ئەو دەڤەرە دەبێتە سەرۆككۆماری
عیراق.
PM:11:11:12/04/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت