بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن رەوتی هەڵوێست و یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەرییەوە


وێستگەنیوز-

بڕیارە سبەینێ شەممە 11ی نیسانی 2026، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت و لەوبارەیەوە رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.


لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دەستووریمان، و لە جێبەجێکردنی پابەندبوونی دڵسۆزانەمان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و خزمەتکردنی گەلەکەمان، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، یەکگرتووی ئیسلامی، و کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، ویست و ئیرادەی نەگۆڕی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی مەرجە دەستوورییەکان بەبێ دواکەوتن و دوودڵی دووپات دەکەنەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "لەو چوارچێوەیەدا لایەنە ئاماژەپێکراوەکان بەشداریی خۆیان لە دانیشتنی سبەینێ کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار ڕادەگەیەنن، کە بە هەنگاوێکی سەرەکی دەزانن بەرەو گێڕانەوەی کارکردنی دروستی دەستوور و ڕێگە خۆشکردن بۆ هەوڵی جددی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە توانای جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی هەبێت و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و بۆ ژیانێکی شکۆمەندادە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "هەروەها ئەم لایەنانە دووپاتی دەکەنەوە کە کاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، کە دکتۆر (موسەننا ئەمین)ە بە پشتبەستن بە قەناعەتیان بە لێهاتوویی و توانای هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییە لەم قۆناغە هەستیارەدا".

ئەوەش هاتووە، "ئێمە پێمان وایە بەردەوامی بەربەستکردنی ئەو شایستانە ئیتر ڕەوا نییە، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوە نەرێنییەکانی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیان و بژێوی هاوڵاتییان هەیە و زیاتر ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە ئاڵۆزتر دەکەن، بۆیە بانگەوازی خۆمان بۆ هەموو هێزە نیشتمانییەکان دووپات دەکەینەوە کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان هەڵبگرن و بەرژەوەندییەکانی وڵات لە پێشینە دابنێن و هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییە".


PM:03:44:10/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت