​وەزارەتی پێشمەرگە: شەوی رابردوو لەڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان


وێستگەنیوز-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.


وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەشەوی 5ی نیسانی 2026، جارێکی دیکە گرووپە تیرۆرستییە لەیاسا دەرچووەکان، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوشدا چەندین جار هێرشە تیرۆرستیەکان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە بەردەوامبوون".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم زنجیرە هێرشانە، بە ئاشکراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان هەبووە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، هیچ هەڵوێستێکی جدیان نەبووە بۆرێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "پێشمەرگە بەشێکە لەسیستەمی ئەمنی و بەرگری، هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێ ئەو دەستدرێژیانە بەخێرایی بوەستێنرێت و تاوانکاران سزا بدرێن".

وەزارەتەکە دەڵێت، "ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بە خۆماندا گرتووە ، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان دەبێت".


PM:01:57:06/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت