وادەی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی باران و تاوەتەرزە راگەیەنرا
وێستگەنیوز-
شارەزایەکی کەشناسی
پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای سبەینێ و رۆژانی داهاتوو بڵاودەکاتەوە کە بە پێی ئەو
پێشبینییانە لە پاشنیوەڕۆی سبەینێ کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و باران بارین
دەستپێدەکاتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای
کەشناسی پێشبینی دەکات؛ "سبەی دووشەمە 6/4/2026 جارێکی
دیکە لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ تا ئێوارە ناجێگیری لەکەش و بەرگەهەوای ناوچەکانی هەرێمی
کوردستان دەستپێدەکاتەوە و لەو ماوەیەدا لەشوێن و ناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای
دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین ناوبەناو کەڵەکە هەوری
بە بروسکە و تاوە تەرزە و باران بە بڕ و رێژەی جیاواز دروست ئەبێتەوە و لەهەندێ شوێندا
تاوە باران و تەرزەکان بەهێز و بەخوڕ ئەبن و لەهەندێ شوێنیشدا لەوانەیە لاواز بێت یان
هیچ بارانێک نەبارێت".
بە پێی ئەو پێشبینییە، "هەر سبەینێ لەسنوری پارێزگای کەرکوک
و ئیدارەی گەرمیان کەش و هەوا بەدرێژای کاتەکان جێگیر ئەبێت و پلەکانی گەرماش بەجێگیری
ئەمێنێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت 5-15کم/ک ئاراستەی با باشوری رۆژئاوا
ئەبێت".
ئاراس
جەبار هەروەها پێشبینی ئەکات؛ "ناجێگیری کەش و هەواو تاوە باران و تەرزەی بەهارە
لەسەر ناوچەکانمان ماوەکەی درێژترببێتەوە تا ناوەراستی هەفتەی داهاتوو رۆژی دووشەمە
13/4/2026 ئەوەش لەئەنجامی بەردەوامی و مانەوەی بارستە هەوای ساردە لە چینە بەرزەکانی
بەرگەهەوادا و شێداریەکی زۆر لە هەوای ناوچەکانمان بەهۆی بارانی زۆری ماوەکانی
رابردوو".
ناوبراو دەڵێت، "ئاگاداریەکیش بۆ شوانە بەرێزەکان و ئەو
هاوڵاتیانەی کە روو لەدەشت و شاخەکان بۆ هەر مەبەستێک ئەکەن بەدرێژای ئەو ماوەیە لەنێوان
کاتەکانی نیوەروان بۆ ئێوارە کە کاتی ناجێگیربوونی کەشوهەوایە هەورە بروسکەکان زۆر
ئەبن و لەهەمان کاتیش لەناکاو بەهێز و توند ئەبن بۆیە ئەبێت زۆر ئاگاداربن تا بەدووربن
لە مەترسیەکانی بەرکەوتن بە بروسکەی ئەم کاتە کە بەهێز و مەترسیدارن بۆ سەر ژیانتان".
PM:10:49:05/04/2026
ئهم بابهته 1076
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت